رووداو دیجیتاڵ
دوای 48 کاژێر لە کوژرانی، تەرمی رێباز سلێمان، ئەو گەنجە شوانکارەیەی لە سنووری برادۆست بە تەقەی پاسەوانانی سنووری ئێران گیانی لەدەستدا، لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە شارەدێی کۆڕێ بەخاکسپێردرا.
رۆژی هەینی، 10ی تەممووز، رێباز سلێمان گەنجێکی تەمەن 27 ساڵانی عەشیرەتی هەرکی بوو، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و بزنەکانی لە بناری کوێستانی خنێرە لە دەڤەری برادۆست، لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئێرانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای رووداوەکەش، سوپای پاسداران تەرمەکەی و تەواوی ئاژەڵەکانیان بۆ شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان گواستەوە.
وردەکاریی رووداوەکە
سلێمان ساڵح، باوکی رێباز، سەبارەت بە ساتەوەختی رووداوەکە دەڵێت: "کاژێر 6:30ی بەیانی ئاژەڵەکان چووبوونە بن پایەگاکە، کوڕەکەشم بەدوایاندا چووبوو، بەڵام پاسەوانەکان تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە. تەنانەت کاتێک برا گەورەکەی چووەتە پێش بۆ سۆراخی، هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە و گوتوویانە مەیە پێش."
باوکی رێباز ئاماژە بەوەش دەکات پاسەوانەکان سەرەتا نکۆڵییان لەوە کردووە رێباز لای ئەوان بێت، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی ناوی رێبازیان زانیوە، بۆیان دەرکەوتووە کە کوشتوویانە و تەرمەکەیان بردووە.
داواکاریی خێزانەکەی
خێزانی رێباز کە پیشەیان ئاژەڵدارییە و بە رەوەند ناسراون، هاوینان بە رەزامەندیی فەرمیی قایمقامییەتی قەزای سیدەکان لە کوێستانەکانی ئەو سنوورە دەمێننەوە.
نەزیرە محەممەد، دایکی رێباز، بە گریانەوە دەڵێت: "کوڕەکەم تەنیا شوان بووە و بێ چەک بووە، کەچی دەڵێن تەقەی لێکردووین. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بێتە سەرخەت؛ جگە لە کوشتنی کوڕەکەم، ئاژەڵەکانمانیشیان بردووە و دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە."
گواستنەوەی تەرمەکە بۆ ورمێ
مامی رێباز باس لەوە دەکات وەرگرتنەوەی تەرمەکە کارێکی ئاسان نەبووە. شینۆ ساڵح، مامی رێباز دەڵێت: "ئەگەر خزمەکانمان لەوێ نەبان، تەرمەکەیان نەدەداینەوە. ئەوان رێبازیان بردووەتە ورمێ و نەشتەرگەرییان بۆ کردووە، بێ ئەوەی بزانین چییان لە جەستەی دەرهێناوە. ئێستاش چارەنووسی 900 سەر ئاژەڵمان نادیارە کە سوپای پاسداران دەستی بەسەردا گرتوون."
رێباز سلێمان ماڵیان لە بنەڕەتدا خەڵکی شارەدێی کۆڕێیە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا، لە کاتێکدا هێشتا کەسوکارەکەی چاوەڕێی گەڕانەوەی ئاژەڵەکانیانن کە تەنیا سەرچاوەی بژێوییانە.


