رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بڕیارێکی سەرۆککۆماری تورکیا، فڕۆکەخانەی باتمان لە باکووری کوردستان وەک دەروازەیەکی ئاسمانیی هەمیشەیی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا کرایەوە.
بەپێی بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکەخانەی باتمان بەپێی ماددەی 1ـی یاسای پاسپۆرتی تورکیا، پێگەی دەروازەیەکی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی هەمیشەیی وەرگرت.
پێشتر بەهۆی نەبوونی پێگەی هەمیشەیی نێودەوڵەتی، لەکاتی خراپیی کەشوهەوادا ئەو فڕۆکانەی لە دەرەوەی تورکیاوە دەهاتن، نەدەتوانرا ئاراستەی فڕۆکەخانەی باتمان بکرێن، چونکە رێکارە گومرگییە نێودەوڵەتییەکانی تێدا جێبەجێ نەدەکران، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە ئەو کێشەیە چارەسەر بوو.
فڕۆکەخانەی باتمان لە ساڵی 1998 دروستکراوە و تەنیا بۆ گەشتی ناوخۆیی بەکاردەهات.
بینای نوێی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەکە لە 29ـی ئابی 2010دا کراوەتەوە و بە شێوازی مەدەنی و سەربازی خزمەتگوزاری پێشکێش دەکات.
توانای تێرمیناڵەکە ساڵانە 1 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و 1 ملیۆن گەشتیاری دەرەکییە کە سەرجەمی دەکاتە 2 ملیۆن گەشتیار، رووبەری گشتیی تێرمیناڵەکە 20 هەزار و 741 مەتر دووجایە.
فڕۆکەخانەکە لە 28ـی ئاداری 2012دا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە تەنیا وەک دەروازەیەکی ئاسمانیی کاتی بۆ گەشتەکانی حەج و عومرە بەرەو سعوودیە راگەیێندرا. لەو کاتەوە تەنیا گەشتی تایبەت (چارتەر) بۆ مەبەستی حەج و عومرەی لێوە دەکرا.
فڕۆکەخانەی باتمان کە پێشتر تەنیا گەشتی راستەوخۆی بۆ شارە گەورەکانی تورکیا وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و ئەنتاڵیا لێوە ئەنجام دەدرا، لەمەودوا وەکو فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی پێشوازی لە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکات.



