رووداو - دیجیتاڵ
لە بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر، هەموو جۆرە بەنزینێک دەبینرێت، بەڵام ئێستا خواستی زۆر لەسەر ئەو بەنزینانەیە کە لە پاڵاوگە نایاساییەکانەوە بەرهەمدێن. زریان مام نەجات، خاوەن پاڵاوگەیەکە و باس لەوە دەکات کە چۆن کەرستەکان دابین دەکەن و دەڵێت: "ئەو مەوادانەی لە ئێران هەبێت یان لێرە بەردەست بێت، بەنزینی لێ بەرهەم دەهێنین. ئەم بەنزینە زۆر هاوکاری بازاڕ دەکات و لیتری لە نێوان 800 بۆ 850 دینار دەفرۆشرێت."
بەشێک لە بازرگانان و خاوەن پاڵاوگەکان، ئەم جۆرە سووتەمەنییە وەک "فریادڕەسی بازاڕ" دەبینن لە کاتێکدا نرخی بەنزینی ستاندارد بەرزە. شەماڵ رەسوڵ، خاوەن پاڵاوگەیەکی دیکەیە و دەڵێت: "مەوادەکە (MTB) و ئارۆییە، لەگەڵ نەفتا تێکەڵ دەکرێت. ئەم بەنزینە تێکەڵەیە بە هەمان کوالێتی سامانە سروشتییەکان دروست دەکرێت، ئەگەر کوالێتییەکەی وەک ئەو نەبێت کەس لێمان ناکڕێت."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان 1050 بۆ 1090 دینارە، بەڵام بەنزینی تێکەڵە کە کوالێتییەکی نزمی هەیە، نرخەکەی لە نێوان 740 بۆ 975 دیناردایە، ئەم جیاوازییە گەورەیەی نرخ وایکردووە شۆفێران سەرەڕای مەترسییەکان، رووی تێبکەن.
بەڵام تاقیگەکان وێنەیەکی جیاواز پێشان دەدەن. محەممەد عەبدوڵستار، کارمەندی تاقیگە، ئەنجامی پشکنینی چەند نموونەیەکی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "سێ نموونەی بەنزینی تێکەڵەمان پشکنی، ئۆکتانەکانیان 84.6 و 86 و 86.6 بوون؛ ئەمانە کوالێتییان زۆر خراپە. بەپێی ستاندارد نابێت ئۆکتانی بەنزین لە 89 کەمتر بێت. بۆ نموونە بەنزینی لاناز ئۆکتانەکانیان 89.2 و 89.4ـە و زۆر ستانداردن."
کارکردنەوەی پاڵاوگە نایاساییەکان زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جارێکی دیکە پاڵاوگە نایاساییەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. بۆ دروستکردنی ئەم بەنزینە تێکەڵەیە، پاشماوەی نەوتی رەش لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لێرە بە تێکەڵکردنی چەند ماددەیەکی کیمیایی، وەک بەنزینی ئاسایی دەیخەنە بازاڕەوە، ئەمەش وایکردووە دووکەڵ و بێهێزیی بزوێنەر ببێتە کێشەی هەمیشەیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەو جۆرە سووتەمەنییە بەکاردەهێنن.


