رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا، فەرمییبوونی تەواوی دەروازەی سنووریی "سێمالکا"ی لەژێر سەرپەرشتی دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی وڵاتەکە رایگەیاند و گوتی، ئەو مۆر و ڤیزایانەی لەوێ دەدرێن، رێگە بە گەشتیاران دەدەن بە ئازادی بگەنە هەر پارێزگایەکی سووریا
رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاووڵاتییانی وڵاتانی جیاوازی عەرەبی و بیانی دەتوانن لە رێگەی دەروازەی سێمالکاوە بچنە ناو خاکی سووریاوە و لە لایەن کۆماری عەرەبیی سووریاوە هیچ لیستێکی قەدەخەکردن بۆ ڕەگەزنامەیەکی دیاریکراو نییە."
مازن عەلووش ئاماژەی بەوەش کرد، چوونە ژوورەوەی گەشتیاران بەگوێرەی یاسا و رێساکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت و پێویستە مەرجەکانی هاتنەژوورەوە و وەرگرتنی ڤیزا بەپێی ئەو رێکارانە بێت کە بۆ هەر رەگەزنامەیەک دیاری کراوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازەکان گوتی، "سیستەمی پێدانی ڤیزا لە سێمالکا هاوشێوەی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی دیکەی سووریایە. ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتەکانیان لە لیستی ڤیزای دەستبەجێدان (ڤیزا لە کاتی گەیشتن)، دەتوانن راستەوخۆ لە دەروازەکە ڤیزا وەربگرن دوای تەواوکردنی رێکارەکان و دانی رسوومات. بەڵام ئەو وڵاتانەی پێویستییان بە رەزامەندیی پێشوەختە هەیە، دەبێت پێش گەشتەکەیان لە رێگەی نێردە دیپلۆماسییەکانی سووریا یان وەزارەتی دەرەوە ڤیزا وەربگرن، چونکە لە دەروازەکە بۆیان دەرناکرێت."
سەبارەت بە هاتنی تیمە میدیاییە بیانییەکان، عەلووش ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنی رۆژنامەڤانان بۆ ناو سووریا لە رێگەی سێمالکاوە بەپێی رێنماییەکانە، دەبێت پێشوەختە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی دەرەوە لە وەزارەتی راگەیاندن هاوئاهەنگی بکەن، کە ئەوان نووسراوی فەرمی ئاراستەی دەروازە سنوورییەکان دەکەن بۆ رێگەپێدان. ئەگەر ئەو رەزامەندییە فەرمییە هەبێت، رۆژنامەڤانەکە لە رسووماتی چوونە ژوورەوە دەبەخشرێت."
سەبارەت بەوەی ئایا ڤیزای سێمالکا بۆ گەشتکردن بۆ دیمەشق و پارێزگاکانی دیکە کارایە، عەلووش گوتی: "دەروازەی سێمالکا دەروازەیەکی سنووریی فەرمییە و سەر بە دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانە، تەواوی رێکارەکان تێیدا بەپێی یاساکانی کۆماری عەرەبیی سووریا جێبەجێ دەکرێن." گوتیشی، "ئەو مۆر و ڤیزایانەی لەوێ دەدرێن، بەڵگەی فەرمیی دانپێدانراون و هەڵگرەکەی مافی هاتووچۆی لەناو خاکی سووریا و سەردانی هەموو پارێزگاکانی هەیە بەبێ ئەوەی پێویستی بە رێکاری تەسوییە یان رەزامەندیی زیادە هەبێت، بەو مەرجەی پابەندی یاساکانی نیشتەجێبوون بێت."

.jpg&w=3840&q=75)

