رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، قەیرانی بێئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی ناحیەی باشیک سەریهەڵداوە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، 10 رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، ئەوەش ناچاری کردوون پەنا بۆ کڕینی ئاوی تانکەر ببەن.
دانیشتووانی ناحیەی باشیک و کۆمەڵگەی بەحزانێ، رۆژەکانیان بە چاوەڕوانیی هاتنی ئاو بەسەر دەبەن. زەخەر حوسێن، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکەیە و دەڵێت: "مەینەتیی ئێمە بەدەست بێئاوییەوە زۆرە، 10رۆژ جارێک ئاومان بۆ دێت، کاتێکیش دێت فشارەکەی ئەوەندە کەمە تێرای پێویستییەکانمان ناکات. لە گەڕەکەکەی ئێمە نزیکەی 250 ماڵ هەن و هەموویان ناچارن ئاو بکڕن."
بەهۆی ئەو قەیرانەوە، بازاڕی تانکەرەکانی گواستنەوەی ئاو گەرم بووە. هاووڵاتییان ناچارن هەر سێ رۆژ جارێک تانکەرێک ئاو بە 10 بۆ 15 هەزار دینار بکڕن، ئەوەش بارگرانیی دارایی بۆ دروست کردوون.
فیراس قەوال، هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو بەشی ناوچەکەیان ناکات. ئەو دەڵێت: "پێشتر پڕۆژەی ئاوی سەلامییە هەبوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 100 گوند کەوتوونەتە پێش باشیک و ئاوەکە بەشی ئێمە ناکات. ئێستا پشت بە بیرەکان بەستراوە، ئەوانیش لە هاویندا ئاویان کەم دەبێتەوە. زۆر خێزان هەن هەژارن و توانای کڕینی ئاوی تانکەریان نییە."
لەلایەکی دیکەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری کێشەکە بۆ وشکبوونی سەرچاوەکان دەگەڕێننەوە. زێد سالم، بەڕێوەبەری بەشی ئاوی بەعشیقە بە رووداوی راگەیاند: "ئاوی بەعشیقە و بەحزانێ لە بیرەکان و پڕۆژەی ئاوی بەرتللە و حەمدانییەوە دابین دەکرێت. کێشەکە زیاتر لە گەڕەکی خەزرا توندبووەتەوە، چونکە لەوێ چوار بیرمان هەبوو، بەڵام دووانیان وشک بوون و تەنیا دوو بیریان ماون، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانەکە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، لە سەنتەری ناحیەی باشیک 18 بیری ئاو ئیش دەکەن، بەڵام 7 بیری دیکە لەکار کەوتوون، ئەمەش وایکردووە بڕی ئاوی بەرهەم هاتوو لەگەڵ پێویستیی هاووڵاتییاندا نەیەتەوە، بەتایبەت لەم وەرزەدا کە خواست لەسەر ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)

