رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە ئیمەیڵ وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی کشاندنەوەی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەداتەوە؛ هۆشداریش لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەدات.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: ”لەسەر داوای حکومەتی عێراق، ئەرکی هاوپەیمانی نیودەوڵەتیی دژی داعش کۆتایی دێت. ئەم بڕیارە لەسەر بنچینەی لاوازبوونی داعش لە لایەک و بەهێزبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی پاشماوەکانی داعش بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە لایەکی دیکە دراوە."
پشتگیریکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە
لەبارەی ئەرکی هێزی سوپای وڵاتەکەی کە تاوەکو کۆتایی کانوونی دووەمی ساڵی 2027 لە لایەن پەرلەمانی فیدراڵییەوە درێژکراوەتەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا گوتی: "لە مانگەکانی رابردوودا گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی دژی داعش هەبووە. بژاردەی جۆراوجۆر بۆ بەردەوامبوونی بەشداریمان لە عێراق هەڵسەنگاندن بۆ کرا. دوای راوێژکردنی چڕوپڕ، بڕیاردرا بەشداریی سەربازی بگونجێندرێ."
راهێنان و تواناسازیی پێشمەرگە لە لایەن ئەڵمانیاوە بەردەوام دەبێت. وەک ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت: "ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی دروستکردنی توانا بۆ پێشمەرگە بە شێوەیەکی ئامانجدار، ئەوە جگە لە پشتگیریی مادی لە چوارچێوەی دەستپێشخەری پێگەیاندنی حکومەتی فیدراڵی [ئەڵمانیا] و هاوئاهەنگی لە پڕۆژەی پەروەردەی سەربازی. راوێژی سەربازیش بە دڵنیاوەوە بەردەوام دەبێ. کۆتایهاتنی ئەرکەکە لە گەڵ هاوبەشەکانمان رێکدەخەین."
ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2014 دەستی پێکرد کە لە 90 هاوبەش پێکدێ و لەو چوارچێوەیەشدا هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هەسەدە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا بۆ تێکشکاندنی داعش.
کۆبوونەوەی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا
ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بڕیاری داوە هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەم دوو رۆژە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی ئاگادار کردەوە.
هەربۆیە پارتی سەوزی ئەڵمانیا داوای لە حکومەت کرد روونکردنەوە لەبارەی ئەو بڕیارە بدات و بەر لەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمان لە 13-7-2026یش دەستپێبکات (پشووی پەرلەمان 7-9-2026 کۆتایی دێت) سیاسەتێکی روون بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو. لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەمڕۆ لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەت سەبارەت بە بڕیارەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی گوت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا جێناهێڵن، ''بەڵکو ژمارەیەک لە راوێژکار و سەربازەکانمان دەبەینە نێو کۆنسووڵخانەی خۆمان لە هەولێر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیی کورد.'' ئەمە ئەو گونجاندنەیە کە ئەڵمانیا دەیکات، وەک ئەوەی گوتەبێژێک لەو بارەوە باسی کرد.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەڵمانیا هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان کشاندەوە. رووداو زانیویەتی، ئێستا نزیکەی 30 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە هەولێر ماون.
ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
هەر لەو بارەیەوە قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی سەوزەکان بە رووداوی راگەیاند، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی "کارەساتبارە" بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەو هۆیەوە ماندووبوونی چەندین ساڵە لەدەستدەچێت. بە گوتەی قاسم تاهیر ساڵح، بڕیارەکەی بەرلین بە پرسی هێزەکانی ئەمریکاوە بەستراوەتەوە، چونکە ئەڵمانیا پێیوایە بەبێ ئەمریکا ناتوانێت ئاسایشی هێزەکانی لە ناوچەکەدا مسۆگەربکات.
ئەو سیاسەتڤانە پارتی سەوزەکان کە لە ساڵی 2021ـەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە (بۆندستاگ) و بە رەچەڵەک خەڵکی ئیدارە سەربەخۆی زاخۆی هەرێمی کوردستانە، رۆژی هەینی 10-07-2026 بە کەهی مەحموود، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتی راگەیاند، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دراوە.
قاسم تاهیر ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ هەینی، لەسەر داوای پارتی سەوزەکان و پارتی چەپ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دژی بڕیارەکە کرا، بەڵام بڕیاری هاوپەیمانییەکەی پێکهێنەری حکومەت پەسندکرایەوە.
قاسم تاهیر ساڵح تیشکی خستەسەر کاریگەری نەمانی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "بۆ پارتی سەوزەکان، کشانەوەی سوپا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی کارەساتبارە بۆ دۆخی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی لە کاتێکدا جەنگی ئێران بەردەوامە. هەروەها ئەم بڕیارە بۆ کورد و پێکهاتەکانی وەک ئێزدییەکانیش خراپە. بە کشانەوەی سوپا، کار و ماندووبوونی ساڵانی رابردوو بەفیڕۆ دەڕوات."
ئەو سیاسەتڤانە گوتی، حکومەتی ئەڵمانیا رۆژی 15ی ئاب لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ئەو مەبەستە کۆدەبێتەوە. پێشتر نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر بوون.
ئامانجی ئەو هێزانە، رێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایشی عێراق. هێزەکان بە دیاریکراوی لە هەولێر و بەغدا بوون.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە بایی زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لە بواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.
