رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بڕیاری داوە بەشی زۆری هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە. میدیای ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، بڕیارەکە پەیوەندی بە هەڵوێستێكی ئەمریکاوە هەیە.
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا دەڵێ، بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10-07-2026، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە بڕیاری داوە بەشی زۆری هێزەکانی تاوەکو کۆتایی ئەیلوول لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە.
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم ساڵ پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی تاوەکو 31-1-2027 درێژ کردەوە. زنار شینۆ دەڵێ، هەربۆیە پارتی سەوزی ئەڵمانیا داوای لە حکومەت کردووە روونکردنەوە لەبارەی ئەو بڕیارە بدات و بەر لەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمان لە 13-7-2026یش دەستپێبکات (پشووی پەرلەمان 7-9-2026 کۆتایی دێت) سیاسەتێکی روون بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو. لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەمڕۆ لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە کۆبووەوە.
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێ، حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە چارەنووسی ئەرکی سوپای وڵاتەکە بە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵی راگەیاندووە: ''کورد بە تەنیا جێناهێڵین.''
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەڵمانیا هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان کشاندەوە. بەگوتەی زنار شینۆ، ئێستا نزیکەی 30 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە هەولێر ماون.
وەک زنار شینۆ گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی گوتووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا جێناهێڵن، ''بەڵکو ژمارەیەک لە راوێژکار و سەربازەکانمان دەبەینە نێو کۆنسووڵخانەی خۆمان لە هەولێر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیی کورد.''
زنار شینۆ دەڵێ، بڕیارەکەی ئەڵمانیا پەیوەندی بە بڕیارێکی حکومەتی ئەمریکاوە هەیە کە ئەمڕۆ نێوەڕۆکەکەی لە بەشێکی میدیای ئەڵمانیدا بڵاوبووەتەوە.
گۆڤاری (شپیگڵ) لەو بارەیەوە نووسیویەتی، سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی پێویستە، چونکە پێنتاگۆن بڕیاری داوە سوپای وڵاتەکەی لەو بنکە سەربازییە نەهێڵێت کە لە هەولێرە و هەربۆیە سوپای ئەڵمانیاش ناتوانێ ئاسایشی هێزەکەی دابین بکات.
ئەو بنکەیەی هێزەکانی ئەمریکای لێیە، سیستمی دژە مووشەک و دژەدرۆنی لێیە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ پاراستنی هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە 40 رۆژ بەردەوام بوو.
پێشتر نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر بوون.
ئامانجی ئەو هێزانە، رێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایشی عێراق.
هێزەکان بە دیاریکراوی لە هەولێر و بەغدا بوون.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە بایی زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لە بواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.
وڵاتە ئەورووپییەکە لە ساڵی 2022ـدا کۆتایی بە ئەرکێکی هاوشێوە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش هێنا.

