رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شاری سەوڵاوای رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و لە ئەنجامدا مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵان کوژرا و باوکیشی بە سەختی بریندار بووە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 09-07-2026 لە نزیک گوندی دەرەکێی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەک بە ناوی ئەحمەد حەسەنی کردووە، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە باخەکەیەوە بەرەو ماڵەوە رۆیشتوون.
لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، ئەحمەد حەسەنی بە سەختی بریندار بووە و کوڕە تەمەن 15 ساڵانەکەیشی بە ناوی سام کوژراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان تەرمی سام گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (بوعەلی)ـی شاری مەریوان و ئەحمەدیش هەر لەو نەخۆشخانەیە خەوێندراوە.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاونیشتمانییانە بڵاو نەکردووەتەوە.



