رووداو دیجیتاڵ
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "دوای تێپەڕاندنی چەندین کۆسپ و تەگەرەی ئابووری و تەندروستی"، راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەکانی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەیدا هاتووە، حکوومەت لە ماوەی حەوت ساڵدا توانیویەتی ستراتیژییەتی خۆی لە "خزمەتگوزارییەوە بۆ بونیاتنانی ژێرخان" بگۆڕێت.
کەرتی ئاو و خۆراک: ستراتیژییەتی داهاتوو
بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاسایشی ئاو و خۆراکی خستووەتە پێشینەی کارەکانی:
• بەنداوەکان: بونیاتنانی 9 بەنداوی ستراتیژی بە گوژمەی 265.7 ملیار دینار کە توانای گلدانەوەی 252.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
• پۆندەکان: ژمارەی پۆندەکان لە 98ـەوە گەیێندرانە 185 پۆند.
• ئاسایشی خۆراک: دروستکردنی چەندین سایلۆ بە توانای 160 هەزار تۆن و گوژمەی 90 ملیار دینار. هەروەها بەرزکردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8٪ بۆ 12٪.
رێگەوبان؛ تێچووی تریلیۆنی بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی شارەکان
بۆ بەهێزترکردنی ژێرخانی رێگەوبان، پشتیوانیکردنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری، ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و بەیەکەوەبەستنەوەی شارەکان، کەرتی رێگەوبان پشکی شێری لە پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم هەبووە:
• کۆی گشتی: جێبەجێکردنی 1,271 پڕۆژە بە درێژایی 5,940 کیلۆمەتر.
• بودجە: زیاتر لە 5.3 تریلیۆن دینار لە کەرتی رێگەوبان خەرجکراوە.
• تایبەتمەندی: دروستکردنی 60 پرد و ئەندەرپاس و نۆژەنکردنەوەی هەزاران کیلۆمەتر رێگە.
کارەبا؛ هەنگاو بەرەو 24 کاژێری
لە کەرتی کارەبادا، کابینەی نۆیەم توانی ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. سەرەتا لە رێگەی دەستبردن بۆ پڕۆژەی کارەبای ژیر. لە قۆناخی دواتردا پڕۆژەی رووناکی راگەیێندرا و بە وردی کاری بۆ کرا. چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستکراون. بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاک پەرەی پێدراوە:
• بەرهەمهێنان: زیادکردنی 1,974 مێگاوات کارەبا، کە ئاستی گشتی گەیاندە 4,334 مێگاوات.
• پڕۆژەی رووناکی: ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە و تاوەکو ئێستا 90٪ـی کارەکانی جێبەجێکراوە و 5,469,900 هاووڵاتی سوودمەندن.
• وزەی پاک: پشتبەستن بە گازی سرووشتی بە رێژەی 83٪ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
چاکسازی و بەدیجیتاڵکردن: "هەژماری من" وەک دەستپێک
لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەپێی بەش و ماددەکانی یاساکە کاری ورد بۆ پرۆسەی بانکیکردن، پارەدانی دیجیتاڵی، چاکسازییە کارگێڕییەکان و پرۆسەی خستنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دەڤەری یەک و دەڤەری دوو دەستیپێکردووە. شۆڕشی دیجیتاڵی یەکێک بوو لە نیشانە دیارەکانی ئەم کابینەیە، هەنگاوەکانی بەم شێوەیە بوون:
• هەژماری من: تۆمارکردنی زیاتر لە 950,000 فەرمانبەر و دابەشکردنی 895,000 کارتی بانکی و دانانی 638 ئامێری راکێشانی پارە (ATM).
• خزمەتگوزارییەکان: کاراکردنی زیاتر لە 29 سیستمی دیجیتاڵی وەک (ئی-ڤیزا، گرێبەستەکان و سیستمی DMS).
• گەڕانەوەی قەرز: وەرگرتنەوەی 2.1 تریلیۆن دینار قەرزی پێشینەکان.
وەبەرهێنان: 22 ملیار دۆلار لە 778 پڕۆژەدا
کەرتی وەبەرهێنان گەشەیەکی گەورەی لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا بەخۆوە بینیوە:
• کۆی گشتی: 778 پڕۆژە بە گوژمەی 22.7 ملیار دۆلار.
سێکتەرەکان:
• گەشتیاری: 7.6 ملیار دۆلار
• نیشتەجێبوون: 6.8 ملیار دۆلار
• پیشەسازی: 4.6 ملیار دۆلار
کەرتی تەندروستی و پەروەردە
• پەروەردە: دروستکردنی 273 قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی 3,000 قوتابخانەی دیکە.
• تەندروستی: دروستکردنی 79 نەخۆشخانە و سەنتەری پسپۆڕی، لەگەڵ رێکخستنەوەی بازاڕی دەرمان.
ژینگە و سەوزایی
•پشتێنەی سەوزایی هەولێر: چاندنی 7.7 ملیۆن نەمام و دروستکردنی 10 پۆندی ئاو بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن.
•پاککردنەوەی مین: پاککردنەوەی 14 ملیۆن مەتر دووجا لە خاکی کوردستان لە مین.
رەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن و پشتیوانیی حکوومەت:
لەپاڵ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی سەرەکی و ستراتیژی، کابینەی نۆیەم توانیویەتی هەلی کار بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی دابین بکات و بژێوییان فەراهەم بکات. لەم ماوەیەدا بەرچاوترین هەلی کار، دامەزراندن و پشتیوانییەکانی بەم شێوەیە بوون:
• گرێبەست بۆ 42,037 مامۆستای وانەبێژی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
• 8,778 فەرمانبەری گرێبەست.
• دامەزراندنی 2,787 خوێندکاری سێ یەکەمەکانی زانکۆ (2015-2017).
• دامەزراندنی 4,673 پزیشک.
• دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ 5,093 مامۆستای گرێبەست.
• مووچە بۆ 19,918 خاوەن پێداویستیی تایبەت.
• پلە بەرزکردنەوەی 10,212 ئەفسەر.
ئاوارە و پەنابەر
فەراهەمکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ 853,458 ئاوارە و پەنابەر کە لە 27 کەمپ لە هەرێمی کوردستان دەژین بە تێچووی 860 ملیۆن دۆلار ساڵانە.



