رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەستپێشخەرییەکەیان بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان "دەرەنجامی باشی هەبووە" و هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا رەزامەندییان لەسەر کۆبوونەوەی لووتکە داوە. محەممەد هاودیانی دەڵێت، "لە یەکێتی کاک بافڵ و لە پارتیش کاک مەسعود" رەزامەندییان دەربڕیوە و کۆبوونەوەکە "لەسەر چەند شتێکی تەکنیکی وەستاوە."
دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، بووەتە هۆی پەکخستنی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئەم چەقبەستووییە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستپێشخەرییەکی بۆ نێوەندگیری و کۆکردنەوەی لایەنەکان راگەیاند. محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی دەستپێشخەرییەکەوە دەڵێ، "دەستپێشخەرییەکە راستە ماوەیەکی زۆری خایاند، بەڵام دەرەنجامی هەبوو. دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە هەردوو لا [پارتی و یەکێتی] لەسەر ئاستی باڵا رەزامەندییان دەربڕیوە کە دانیشتنی لووتکە ئەنجام بدرێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، کۆبوونەوەی لووتکە "لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حیزبەکان" دەبێت و سەرەتا گرنگی بە کۆکردنەوەی پارتی و یەکێتی دراوە، چونکە "ئەگەر پارتی و یەکێتی نەهاتنایە سەر هێڵ، کۆبوونەوەکە دەرەنجامێکی ئەوتۆی نەدەبوو."
هاودیانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی باڵا "لە یەکێتی کاک بافڵ و لە پارتیش کاک مەسعود" رەزامەندییان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە نیشان داوە و ئەمەیان بە فەرمی بە یەکگرتوو راگەیاندووە.
سەبارەت بە کات و شوێنی کۆبوونەوەکە، هاودیانی گوتی، "کاتەکە دیاری نەکراوە و لەسەر چەند شتێکی تەکنیکی وەستاوە،" بەڵام ئەو گەشبینە و دەڵێت، "مادام ئیرادە هەیە بۆ کۆبوونەوە، باوەڕ ناکەم ئەم شتانە تەکنیکیانە کاریگەرییان هەبێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو هۆشداری دەدات لە لێکەوتە خراپەکانی بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوو و دەڵێت، ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر "متمانەی هاووڵاتی بە ئیدارە و حکوومەت و پرۆسەی دیموکراسی" داناوە. هاودیانی پرسیاری کرد، "هاووڵاتییەکی ئاسایی کاتێک دەبینێت دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ ئەنجامێکی نییە، متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت."
هاودیانی رەتیکردەوە کە یەکگرتوو ببێتە بەشێک لە هەوڵی هیچ لایەنێک بۆ پەکخستنی لایەنێکی دیکە و گوتی، "ئەگەر لایەنێکتان بە تەنیا ویستی ئەوەی هەبێت لایەنێکی تر لە پرۆسەکە ئاوت بکات، ئەوا ئێمە ئامادە نابین."
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، هاودیانی جەختی لەوە کردەوە کە "کاراکردنەوەی پەرلەمان بە تەنیا و بەبێ کۆتاییهێنان بەم دۆخە چەقبەستووە، هیچی لێناکەوێتەوە." بەڵکو دەبێت هەردوو لایەن پێکەوە رێکبکەون و هەموو لایەنەکان بەشدار بن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بەشداریی لایەنەکانی دیکە، محەممەد هاودیانی گوتی، "دەرگا کراوەیە" و هەموو ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردندا کورسییان بەدەستهێناوە بانگهێشت دەکرێن، بەڵام بەشداریکردنیان "دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری سیاسیی خۆیان."
.jpg&w=3840&q=75)

