رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی بەخشینی بەرزترین خەڵاتی رێزی ئیتاڵیا بە نێچیرڤان بارزانی، عیماد ئەحمەد گەرمترین پیرۆزبایی لێدەکات.
رۆژی چوارشەممە، نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە رێوڕەسمێکدا بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری وڵاتەکە بەرزترین خەڵاتی رێزی ئیتاڵیای بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "بە بۆنەی بەخشینی یەکێک لە خەڵاتە بەرز و بەڕێزەکانی ئیتاڵیا بە کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشکەشی بەڕێزی دەکەم".
عیماد ئەحمەد دەڵێت، "ئەم خەڵاتە بۆ من تەنیا رێزلێنان لە سەرۆکێک نییە، بەڵکو رێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانڕەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناخە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبووە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کاتێک بیر لەو رۆژانە دەکەمەوە کە لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێکەوە کارمان دەکرد، وێنەی پیاوێکم لەبەرچاوە کە لە بڕیارداندا ئازا و متمانەبەخۆ بوو، لە مامەڵەدا میانڕەو و خۆشڕەفتار، لە هاوڕێیەتیدا دۆست و رەفیق، و لە خوێندنەوەی رووداوەکاندا دووربین و وردبین بوو".
عیماد ئەحمەد لە وەسفی نێچیرڤان بارزانیدا دەڵێت، "هەندێک پۆست و پلە بە تێپەڕبوونی کات کۆتایی دێن، بەڵام ئەوەی لە یادەوەریی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، شێوازی مامەڵە، رێزگرتن لە مرۆڤ و توانای پاراستنی دۆستایەتی لە ناو جیاوازییەکاندا دایە. کاک نێچیرڤان لەو کەسانەیە کە دەتوانێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا گفتوگۆ بکات و لە ناو قەیراندا، دەرگای هیوا و چارەسەر کراوە بهێڵێتەوە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هیوادارم ئەم رێزلێنانە نێودەوڵەتییە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوون لە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان، گفتوگۆ و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".
عیماد ئەحمەد لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "پیرۆز بێت، کاک نێچیرڤان؛ هەندێک خەڵات بە سنگەوە هەڵدەواسرێن، بەڵام خەڵاتی راستەقینە ئەو متمانەیەیە کە مرۆڤ لە دڵی خەڵکدا بەجێی دەهێڵێت".
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
