رووداو - دیجیتاڵ
دیمەنی رۆژانەی زۆربەی مێزی چێشتخانەکان لە هەرێمی کوردستان، پاشماوەی زۆری خواردن و خواردنەوەیە؛ بڕی داواکراو زۆر زیاترە لە پێویستیی کڕیارەکان و چارەنووسیان زبڵخانەیە. بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، تەنیا لە چێشتخانە گەورەکانی هەولێردا 30%ـی خۆراکی رۆژانە دەبێتە بەرماوە و فڕێدەدرێن.
بەختیار حامد، خاوەنی چێشتخانەی ئەبو شەهاب لە هەولێر، باس لە هۆکاری ئەم بەفیڕۆدانە دەکات و دەڵێت: "برسییەتی سنووری نییە، کەسێک کە دێت و زۆر برسییەتی هەر دەڵێ با خواردن بێت، بەڵام دواتر بە زەڵاتە و کەمێک خواردن تێردەبێت و ئەوی دیکە دەبێتە بەرماوە." ئەو خاوەن چێشتخانەیە ئامۆژگاریی کڕیارەکان دەکات و دەڵێت: "باشترین کار ئەوەیە سەرەتا بڕی پێویست داوا بکەیت، دواتر کە تێر نەبوویت هی دیکە داوا بکەیت."
ئاماری زبڵ و خاشاک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، کە رێژەیەکی بەرچاوی پاشماوەی خۆراکە. دابەشکاریی بڕی زبڵ و رێژەی خۆراک تێیدا بەم شێوەیەیە:
- هەولێر: زیاتر لە 2,000 تۆن (نزیکەی 40%ـی خۆراکە).
- سلێمانی: زیاتر لە 1,200 تۆن (نزیکەی 60%ـی خۆراکە).
- دهۆک: نزیکەی 475 تۆن (نزیکەی 35%ـی خۆراکە).
- هەڵەبجە: نزیکەی 90 تۆن (نزیکەی 60%ـی خۆراکە).
دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی رێکخراوی (DCA)ـی دانیمارکی، پڕۆژەیەکی بۆ بەفیڕۆنەدانی خۆراک دەستپێکردووە. دکتۆر ئیدریس قادر، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی دەزگای روانگە ئاشکرای دەکات کە 70%ـی بەشداربووانی توێژینەوەکەیان ئامادەن خۆراکە زیادەکان وەربگرن بە مەرجێک ناویان پارێزراو بێت، هەروەها 30%ـیان ئامادەن راستەوخۆ لە چێشتخانەکان خۆراکەکە وەربگرن. دکتۆر ئیدریس قادر دەشڵێت: "بەشی ژینگەی شارەوانییەکان، پارێزگاکان، کەرتی تەندروستی، بازرگانی و خاوەنی چێشتخانەکان، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی تۆڕێک (ئەپێک) دروستبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو جۆرە خواردنانە بە شێوەیەکی پاکێجکراو و تەندروست بگەیێننە کەسانی شایستە."
کێشەی ریسایکلین سەرباری ئەم هەوڵانە، لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر، بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی گشتیی ریسایکلین و لێکجیانەکردنەوەی جۆری زبڵەکان، زۆربەی پاشماوەی خواردنەکان لەگەڵ زبڵی دیکە تێکەڵ دەبن و بەو شێوەیەش دەبنە زبڵ و زیان بە ژینگە دەگەیێنن، لەکاتێکدا دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگ سوودیان لێ وەربگیرێت.
پوختەی ئاماری زبڵ و خاشاک (رۆژانە):
- کۆی گشتی هەرێمی کوردستان: +7,000 تۆن.
- بەرزترین رێژەی پاشماوەی خۆراک: لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە (60%).
- کەمترین رێژەی پاشماوەی خۆراک: لە پارێزگای دهۆکە (35%).
.jpg&w=3840&q=75)