رووداو - دیجیتاڵ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە هەولێر بوژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت؛ بەراورد بە مانگی رابردوو نرخەکان بە رێژەی زیاتر لە 25% بەرزبوونەتەوە و نووسینگەکانی خانوبەرەش دەڵێن "فریا ناکەوین"، چونکە خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی زەوی دروستبووە. ئێستا لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە هەولێر، رۆژانە دەیان گرێبەست واژۆ دەکرێن. نیاز چاوشین، ئەندامی ئەنجوومەنی بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە جموجۆڵێکی زۆر لە بازاڕەکەدا هەیە و هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ زیادبوونی خواست و هاتنی سەرمایە بۆ نێو بازاڕەکە دەگەڕێنێتەوە. دڵشاد سەبور، مامەڵەکارێکی زەوییە لە هەولێر و دەڵێت: "ئێستا لە هەولێر زەوی نیشتەجێبوون و بازارگانی هەیە کە نرخەکەی لە پێنج هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دۆلار." ئەو مامەڵەکارە ئاشکرای دەکات کە "نیوەی زیاتری کڕیاران لە دەرەوەی هەولێر و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن،" ئەمەش وایکردووە کێبڕکێ لەسەر کڕینی زەوی زیاتر بێت. بەرزبوونەوەی نرخەکان زۆربەی سنووری شارەوانیی هەولێری گرتووەتەوە، بەڵام چەند ناوچەیەکی دیاریکراو زۆرترین مامەڵەیان تێدا دەکرێت، ئەوانیش: - عارەب کەند - کانی قرژاڵە - باغەمرەی شەهاب - گەڕەسۆر ئەم ناوچانە لەکاتێکدا زۆرترین کڕین و فرۆشتنیان تێدا دەکرێت کە هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ نەچووە. پێچەوانەی ئەم هەڵکشانە خێرایەی نرخەکان، ژمارەیەک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی دیکەی خانووبەرە هۆشداری دەدەن لە دۆخەکە. سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو، داوا دەکات کڕیاران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن. شەپۆلی ئەمجارەی بەرزبوونەوەی نرخی زەوی لە هەولێر لەکاتێکدایە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە. ئاماری زەوی فەرمانبەران لە هەولێر: - 83,000 فەرمانبەر رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە. - تاوەکو ئێستا نزیکەی 43,000 فەرمانبەر زەوییەکانیان وەرگرتووە.