رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆتای کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران رادەگەیێنێت کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستی پێکردووە و داوا دەکات ئەم هەڵمەتە قەزای شنگالیش بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد: ژمارەیەکی زۆر کەس هەن کە لە ساڵی 2014 هیچ موڵک و ماڵێکیان نەبووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی نائاسایی دەوڵەمەند بوون و بوونەتە خاوەنی سەروەت و سامان و پڕۆژەی گەورە.
خالید سەیدۆ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گوتی: "ئەمە بڕیارێک بوو کە دەبووایە زۆر زووتر بدرایە."
ئاماژەی بەوە کرد، "هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دەستبەسەرکردنی کەس لە شنگال نەگەیشتووە، بەڵام دەنگۆی بەهێز هەیە کە لێکۆڵینەوەکان چەند کەسێک لەو قەزایەش بگرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، خەڵکی شنگال چاوەڕێی ئەم هەنگاوە بوون، چونکە 12 ساڵە شنگال وەک رۆژی 3ـی ئابی 2014 وێرانە و ئاوەدان نەکراوەتەوە. "بێگومان گەندەڵی لە پڕۆژەکانی ناو شنگال دا هەیە و پێویستە ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن، چونکە ناوبانگی عێراق و خەڵکی نەینەوا و شنگالیان ناشیرین کردووە؛ چیدیکە گەندەڵی قبووڵ ناکرێت."
خالید سەیدۆ هۆکاری ئاوەدان نەکردنەوەی شنگالی بۆ بوونی گەندەڵیی رێکخراو لە پارێزگای نەینەوا گەڕاندەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگەی عێراق دووپات کردەوە تاوەکو پڕۆسەکە بگەیێندرێتە لووتکەی ئەنجامەکان.
قەزای شنگال لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا، زیانێکی زۆری بەرکەوت؛ بە جۆرێک 85%ـی سەنتەری شارەکە و 75%ـی دەوروبەری وێران بوون.
دوای 10 ساڵ هێشتا قەزاکە وەک خۆی ماوەتەوە و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، نزیکەی 60%ـی خەڵکەکەی تاوەکو ئێستا ئاوارەن و لە قۆناخێکی سەختی ژیان دان.
.jpg&w=3840&q=75)


