رووداو - دیجیتاڵ
کچێکی سەماکاری خەڵکی بەغدا بە ناوی مەللاک فارس، دوای کەوتنەخوارەوەی لە نهۆمی 3ی یەکێک لە باڵەخانەکانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، گیانی لەدەستدا سەرچاوەیەکی ئەمنی رووداوی رایگەیاند، لەسەر رووداوەکە گۆرانیبێژێکی عەرەب و خوشکی کچەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنی کە بۆ رووداو قسەی کردووە، رووداوەکە رۆژی هەینی کاژێر 11:45ی بەیانی بووە. مەلاک فارس، کە کچێکی عەرەبی خەڵکی بەغدایە و نیشتەجێی هەولێرە، لە کاتی رووداوەکەدا لە ماڵی گۆرانیبێژێکی عەرەبی عێراقی بووە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە مەللاک و خوشکەکەی بە میوانی لە ماڵی ئەو هونەرمەندە بوونە. لە کاتی کەوتنەخوارەوەی مەلاک لە قاتی 3ی باڵەخانەکە، هەریەک لە خوشکەکەی و گۆرانیبێژەکە لە ناو ماڵەکەدا ئامادە بوونە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نییە کە رووداوەکە بە چ هۆکارێک بووە، بەڵام پۆلیسی هەولێر بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە، گۆرانیبێژەکە و خوشکی مەللاک فارسی دەستگیرکردووە تاوەکو هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو کچە ئاشکرا بکرێت.
دوای گیانلەدەسدانەکەشی تەرمی مەلاک فارس رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا و رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و نێردرایەوە بۆ بەغدا



.jpg&w=3840&q=75)