رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە سەیرانگەی ناڵەشکێنێ لە سنووری شاری بۆکانی پارێزگای ورمێ خۆی بە ژمارەیەک هاونیشتمانییدا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی نازم مورادی گیانی لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون کە یەکێکیان کچی نازم مورداییە.
موسا بەهاری، بەڕێوەبەری پۆلیسی بۆکان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "نزیکەی کاژێر 21:45ی شەوی هەینی 3ی تەممووزی 2026، دوای گەیشتنی هەواڵی رووداوێکی هاتووچۆ لە سەیرانگەی ناڵەشکێنەی بۆکان، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە."
موسا بەهاری ئاماژەی بەوە کرد، پیاوێکی تەمەن نزیکەی 65 ساڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بووە کە خۆی بە ژمارەیەک هاونیشتمانییدا کێشاوە کە بۆ سەیران چووبوونە ناوچەی گەشتیارییەکە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی بۆکان گوتی، لە ئەنجامی رووداوەکەدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی بۆکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شۆفێرە بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی ئۆتۆمبێلەکەی و رووداوەکەوە زیانی مادیی زۆری بە چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە گەیاندووە.
موسا بەهاری گوتیشی، شۆفێرە سەرپێچیکارەکە لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکراوە و دەست بەسەرئۆتۆمۆبیلەکەیشیدا گیراوە.
بەپێی پزیشکیی دادی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
.jpg&w=3840&q=75)


