رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی چووە تاران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردەوە.
ئامانجی سەردانەکە و گرنگیپێدانی تاران
رۆژی هەینی (3-7-2026)، نێچیرڤان بارزانی شانبەشانی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان، بەشداری لە رێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کرد و لە دەفتەری سەرەخۆشیدا گوتەیەکی تۆمار کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو میراتەی عەلی خامنەیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و جیهانی ئیسلامیدا جێیهێشتووە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە هەولێر بە پەیامنێرانی راگەیاند، "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەکو نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی بەشداریی لە مەراسیمەکاندا کرد."
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و شاندی وڵاتان بانگهێشت کرابوون، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەلایانەوە مەبەست بوو بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
فوئاد ئیزەدی، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و مامۆستای زانکۆی تاران، سەبارەت بەم سەردانە بە رووداوی گوت، "ئەم جۆرە دیدارانە پەیوەندییەکان زیاتر لە پێشوو باشتر دەکەن و پەرەیان پێ دەدەن." حەمیدڕەزا غوڵامزادە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی (ماڵی دیپلۆماسی ئێران)یش بە رووداوی گوت، "ئەم کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە هەمیشە ئامانجیان بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایە و زۆر سوودبەخشە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی یەکجار گرنگی لەم بوارەدا هەیە."
کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران
یەکێک لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئێمە لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران گفتوگۆمان کرد و بەتایبەتی جەختمان کردەوە لەسەر فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی، کولتووری و دراوسێییمان کە لەمێژە خەڵکی ئێمەی پێکەوە گرێداوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرد و بەتایبەتی تیشکيان خستە سەر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کایە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات."
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی رووداوەکانی ئەم دواییە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لهمبارهيهوه هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و رێوشوێنى ئاشتيیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە."
هەر بە گوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "ههردوولا هيوايان خواست كۆتاييهاتنى شهڕ و گفتوگۆى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئهمهريكا، ئاشتى و سهقامگيرييهكى ههميشهيى بۆ ناوچهكه لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و قۆناخێكى نوێى پهيوهنديى باش و هاريكاريى هاوبهشى نێوان وڵاتان و گهلانى ناوچهكه دهست پێبكات."
تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە، کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی دەکات لەگەڵ ئەمریکا. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ رێککەوتن تاوتوێ کرا و هەردوولا هیوای سەرکەوتنیان بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان خواست.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم دیدارەوە لە ئێکس نووسی، "ئەمڕۆ لە تاران، چاوم بە دۆستی ئازیزم محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کەوت کە مایەی خۆشحاڵییە. وێڕای پێزانینم بۆ رۆڵی گرنگی لە بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، جەختم لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و دانوستاندنی بەردەوام کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نێچیرڤان بارزانی و محەممەدباقر قالیباف دهربارهى پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئيسلاميى ئێران و گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بيروڕايان گۆڕييهوه، هەروەها پشتگيريى خۆیان بۆ پەیوەندیی لهمێژينه و دۆستانهى نێوان هەردوولا لە سەرجەم ئاستەکاندا دووپات کردەوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بارودۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامى و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی ئاشتييانهى کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە."
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوايين پێشهاتهكانى گفتوگۆى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئهمهريكا بۆ رێككهوتن، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو. ههردوولا هيواى سهركهوتنيان بۆ گفتوگۆ و ههوڵه ديپلۆماسييهكان و ئارامى و سهقامگيرييهكى ههميشهيى بۆ ناوچهكه، خواست."
دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، کە تێیدا تیشکیان خستە سەر وەستانی شەڕ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە. نێچیرڤان بارزانی لەم بارەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "خۆشحاڵم بە دیدارەکەم لەگەڵ دۆستم سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران. ئێمە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بابەتە جێی بایەخە هاوبەشەکان بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و جەختمان لەسەر گرنگیی گفتوگۆ و دیپلۆماسی لە چەسپاندن و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی دەکات، نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی "پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ ئێران تاوتوێ کرد و لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بيروڕايان گۆڕییەوە، ههروهها تيشكيان خسته سهر راوهستانى شهڕ و دوایین پێشهاتەكانى ناوچهكه."
هەردوولا "جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوئاهەنگیی هەمەلایەنە کردەوە، بە شێوهيهك کە خزمەت بە پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات."
یادەوەرییەکی تایبەت لەگەڵ عەلی خامنەیی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لە کۆبوونەوەیەکی خۆی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و دەڵێ، بەشێک لە قسەکانی لەبارەی ئیدریس بارزانیی باوکی بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، دەرفەتی ئەوەی هەبووە کە لەگەڵ عەلی خامنەیی کۆببێتەوە و گوتی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک پێشوازی و بەخێرهاتنی کرد کە کەسانی نزیک و "خۆمانە"ی لەوێ دەبینی.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی خامنەیی لەبارەی ئیدریس مستەفا بارزانیی باوکی قسەی کرد، ئەوەش دوای نزیکەی 40 ساڵ لە کۆچی دوایی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو قسەیە کاریگەری لەسەری هەبوو، کە دوای ئەو هەموو ساڵە بەو شێوە نزیکە لەبارەی باوکی قسەی کرد و ئەوەش "یادەوەرییەکە کە هەمیشە لام دەمێنێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار بە بانگهێشتی فەرمی چووەتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
یەکێک لە سەردانەکانی لە مانگی ئایاری ساڵی 2024 بوو، کە تێیدا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کات و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و عەلی خامنەیی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە كۆبوونهوهكهدا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به ديدارى عەلی خامنهیی دهربڕى و "جهختى له ئامادهيى و خواستى ههرێمى كوردستان كردهوه بۆ بهرهوپێشبردنى پهيوهندييهكانى لهگهڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له ههموو بوارهكاندا."
درەنگانی شەوی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە، "باوەڕمان وایە کە لێکتێگەیشتن، رێزی بەرامبەر و بەردەوامیی دیالۆگی بنیاتنەر، مسۆگەرترین رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئارامی، سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوامی ناوچەیی."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ، "پەیوەندییە مێژوویی و قووڵەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بوون و پاراستن و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە، بە هاوتەریبی بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە، دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی دەزانین."


.jpg&w=3840&q=75)