رووداو - دیجیتاڵ
لەکاتێکدا ماستی ساف مەڕی هەولێر وەک براندێکی مێژوویی لە سەرتاسەری کوردستان و عێراقدا دەناسرێت، بەڵام ئێستا فێڵ و بەکارهێنانی نیشاستە و چەوریی دەستکرد، نێوبانگی ئەم بەرهەمە رەسەنەی خستووەتە مەترسییەوە. تەنیا لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا، تیمەکانی چاودێریی بازرگانی دەستیان بەسەر زیاتر لە 2 تۆن ماستی ساختەدا گرتووە کە وەک ماستی رەسەنی هەولێر بە هاونیشتمانیان فرۆشراوە.
بەیانییەکی گوندی "بەرحوشتر" لە باکووری رۆژئاوای هەولێر؛ لێرە مێژووی ماستە بەناوبانگەکەی هەولێر لە ناو دەستی بێرییەکاندا دەستپێدەکات. ئەمە کاری رۆژانەی مام ئازاد و جیهان خانی هاوژینییەتی؛ ئەوان بە ئاگری دار و بەبێ هیچ ماددەیەکی زیادە، شیری مەڕ دەکەنە ماستێکی سروشتی.
جیهان عەبدولغەفوور، کە بێرییەکی دەستڕەنگینە، لەبارەی رەنجی رۆژانەیان بە رووداوی گوت: "مەڕەکان دەدۆشین، رۆژێ 2 یان 3 جار و هەندێک جار 4 جار بەپێی پێویست؛ ژیانمان هەر لەسەر ئەم کارەیە."
بەرهەمی رۆژانەی 25 سەر مەڕ، تەنیا ستڵێک شیری سافە. دوای پاڵاوتنی، جیهان خان بە ئاگری دار دەیکوڵێنێت و دەیکاتە چەند مەنجەڵێک ماست. مام ئازاد، کە ساڵانێکی زۆرە خەریکی مەڕدارییە، باس لە جیاوازیی ماستی رەسەن و ماستی "عەمەلی" دەکات و دەڵێت:
"تەماشای ماستە خۆماڵییەکەمان بکە، سەیری سەر تووەکەی بکە؛ ئەگەر ماستی عمەلی بێت هەمووی پێکەوە هەڵدەوەشێتەوە چونکە فێڵی تێدا کراوە و زۆر سپییە، بەڵام ماستی خۆماڵی رەنگی مەیلەو زەردە و تێک ناچێت."
فێڵەکانی ناو بازاڕ؛ لە نیشاستەوە بۆ 'سیکۆتین' لە بازاڕەکانی هەولێر، جۆرەها ماست دەبینرێن، بەڵام ناسینەوەی جۆرە رەسەنەکە بۆ کڕیاران ئاسان نییە. سۆران بەحری، ماستفرۆشێکە لە هەولێر و پەردە لەسەر فێڵەکان لادەبات و دەڵێت هەندێک جۆری ماست بەهۆی زۆریی نیشاستە و سەحلەب وەک "سیکۆتین"یان لێهاتووە.
سۆران بەحری لەبارەی جۆرەکانی ماست بە رووداوی راگەیاند: "ئەمەیان ماستی ساف مەڕی زێرارەتییە و ئەمەشیان دەشتییە کە زۆر تایبەتن. بەڵام لە بازاڕدا هەندێک ماستی مەعمەلی هەن خەڵک لەبەر نرخە هەرزانەکەی دەیکڕێت، لەکاتێکدا سەحلەب و نیشاستەی تێدایە. هەندێکی تریشیان چەورییەکەی لێ دەگیرێت و زبدەی تێدەکرێت بۆ ئەوەی تەنیا سەر تووەکەی چەور بێت؛ کاتێک دەستی لێ دەدەیت هەموو دەستت چەور دەکات."
سزادانی 150 شوێن و لەناوبردنی 2 تۆن ماست بەهۆی زیادبوونی رێژەی ماستی ساختە، تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە هەولێر هەڵمەتەکانیان چڕ کردووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەردانی نزیکەی 150 شوێنی شیرەمەنی کراوە و ژمارەیەکیان سزادراون. تەنیا لە ماوەی 2 مانگی رابردووشدا، زیاتر لە 2 تۆن ماستی ساختە و ناتەندروست دەستیان بەسەردا گیراوە و لەناوبراون، تاوەکو رێگری لە شێواندنی نێوبانگی ماستی رەسەنی هەولێر بگیرێت.
