رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران؛ بڕیارە لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی رێبەری پێشووی ئێراندا بەشدار بێت و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبێتەوە.
کاژێر 08:00ـی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، بە یاوەریی شاندێک گەیشتە تاران.
نێچیرڤان بارزانی لەکاتی گەیشتنیدا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرئاباد، لەلایەن عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری کوردی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێشوازی لێکرا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بهيانيى ئهمڕۆ ههینی 3-7-2026، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به بانگهێشتێکی فەرمیی بەڕێز مەسعود پزشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سهردانێک گهيشته تارانی پایتەخت".
دەشڵێت، "ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردنە لە رێوڕەسمی فەرمیی بەخاکسپاردنی رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوالێخۆشبوو ئايهتوڵڵا عوزما عەلی خامنەیی".
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ههر له چوارچێوەی سهردانهکهدا، سهرۆکی ههرێمی کوردستان لهگهڵ ژمارهیهک له سهرکرده و بهرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار و کۆبوونهوهی دهبێت.
رێوڕەسمەکە لە لە مزگەوتی گەورەی تارانە
د. عەممار سەلمان، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان لە "گەورەترین مزگەوتی ئێران" لە تارانی پایتەخت، بەڕێوەدەچێت.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران گوتی، "لە عێراق هەریەکە لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، پارێزگاری کەربەلا و بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکەن."
بە گوتەی عەممار سەلمان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.
هەروەها عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاران بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بانگهێشتکراوە بۆ رێوڕەسمەکە بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ هەینی، کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە و رۆژی هەینی لە تاران دەبێت."

.png&w=3840&q=75)
