رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)، لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ واژۆ کرا، چەند بەرپرسێکی نەوەی نوێ، رێککەوتنەکەیان قبووڵ نەکرد و دەستیان لە کار کێشایەوە.
یەکێک لەو بەرپرسانەی کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە، بەشدار سەنگاوییە، کە رێکخەری نەوەی نوێیە لە گەرمیان. ئەو لەبارەی هەڵوێستەکەیەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "بەردەوام کارم کردووە بۆ خزمەتکردنی خەڵک کە درووشم و ئامانجیشمان ئەمە بووە و سیستەمی حکومڕانیمان بە خراپ زانیوە."
بەشدار سەنگاوی گوتی: "پێم سەیرە لە کاتێکی زۆر کەم دا 180 پلە ئاراستە بگۆڕێیت و بەرەو دەسەڵات بڕۆی، بۆیە ئەمە بە هەڵە دەزانم و نامەوێ بەشێک بم لەم کارە."
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو.
رێکخەری نەوەی نوێ لە گەرمیان لە لێدوانەکەی دا بۆ رووداو گوتی: "دوای هەشت ساڵ کارکردنم وەک رێکخەرێک لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە گەرمیان، لەم ساتە بەدواوە هیچ پەیوەندییەکم بەم جووڵانەوەیەوە نامێنێت. نەوەی نوێ لە سەرەتای دروستبوونییەوە ئامانج و درووشمی وەرگرتنی لووتکەی دەسەڵات و شاگردی نەکردن بووە بۆ دوو حیزبی حکومڕان، و مانەوە بووە لە بەرەی خەڵکی هەژار و مافخوراو، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەبینین خەریکە پشت دەکاتە هەموو قسە و درووشمە سیاسی و ئەخلاقییەکانی رابردووی."
هاوکات سەبوور خالید مەنتک، رێکخەری ئۆفیسی نەوەی نوێ لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێم وایە ئەم رێککەوتنە فرۆشتنی دەنگی دەنگدەرانی نەوەی نوێیە، بۆیە دەستم لە کار کێشایەوە و ناتوانم ئەوە قبووڵ بکەم."
سەبوور مەنتک گوتیشی: "ئێستا من هیچ پەیوەندییەکم بە نەوەی نوێوە نەماوە و کەسێکی ئازاد و سەربەخۆم."



