رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانیی تەختی سلێمان لە ناوچەی تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سێ مانگدا 32 هەزار و 643 گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی سەردانی ئەو شوێنەوارە مێژووییەیان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، ئەفراسیاب گەڕاوەند، بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانیی تەختی سلێمان ئەو ئامارەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پار زیاتر لە 65 هەزار گەشتیار سەردانی تەختی سلێمانییان کردووە، کە تەنیا 250 کەسیان گەشتیاری بیانی بوون.
بە گوتەی گەڕاوەند، شوێنەواری جیهانیی تەختی سلێمان، چەندین شوێنەواری مێژوویی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: پەرستگەی ئاگری ئازەرگوشنەسپ، پەرستگەی ئاناهیتا، هۆڵی کۆڵەکەیی، هەیوانەکەی خەسرەو، دیوار و قولەی بەرگری، پاشماوەی تەلارسازیی سەردەمی ئێلخانییەکان. هەروەها دەوروبەرەکەشی دەگرێتەوە، وەک: بەندیخانەی سلێمان، چیای بەلقیس، بەردی ئەژدیها و چیای تەوێڵە.
لە پارێزگای ورمێ، زیاتر لە 1796 شوێنەواری مێژوویی لە تۆماری نیشتمانیی شوێنەواری ئێران تۆمار کراون، دۆسیەی 100 شوێنەواری دیکەش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
هەروەها لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 22 مۆزەخانە هەن، کە دووانیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراونەتەوە، پلان هەیە 9 مۆزەخانەی نوێ لەو پارێزگایە دروست بکرێن.



