رووداو دیجیتاڵ ماسیی دارەخ کە لە رۆژی 15ـی نیسانەوە قەدەخەی راوکردنی دەستی پێکردبوو، رۆژی 15ـی تەممووز ئەو قەدەخەیەی لەسەر لا دەدرێت. ماسیگران کە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ تەواو کردووە، چاوەڕێی بەیانیی رۆژی 16ـی تەممووزن تاوەکو بەلەمەکانیان بخەنە نێو دەریاچەکە و دەست بە راوەماسی بکەن. ماسیی دارەخ کە دەریاچەی وان تاکە شوێنی ژیانیەتی و لە هیچ شوێنێکی دیکە ناژی، یەکێکە لە گرنگترین بەها ئابووری و ژینگەییەکانی وان. هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهار دا ملیۆنان دارەخ کۆچی پێچەوانە لە سوێراوەوە بەرەو شیریناو دەکەن. ئەم کۆچەی ماسیی دارەخ یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین رووداوە سروشتییەکانی جیهانە. لەو وەرزە دا کە وەرزی زاوزێیە، دارەخ سوێراوە سۆدەییەکەی دەریاچەی وان بەرەو شیریناوەکان جێ دەهێڵێت و مەبەست لەم کۆچەش دانانی گەرایە. بەهۆی ئەوەی دارەخ بە پێچەوانەی شەپۆلی ئاوەکە مەلە دەکات، ئەم کۆچە بە کۆچی پێچەوانە ناونراوە. دارەخ لەو گەشتە دا بۆ تێپەڕاندنی تاڤگە و بەربەستەکان چەندین مەتر باز دەدات، هەر بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەشیەوە بە (ماسیی فڕیو)ـیش دەناسرێت. بەڵام خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە ئەم ماسییە ناتوانێت لە ناو دەریاچەکەدا زاوزێ بکات، چونکە ئاوە سۆدەییەکەی دەریاچەی وان بۆ گەشەکردنی گەراکان گونجاو نییە. پاراستنی توند بۆ ماوەی 90 رۆژ ئەو سێ مانگەی ماسییەکان بۆ دانانی گەرا دەچنە ناو رووبارەکان، بێبەرگریترین قۆناخی ژیانیانە. هەر بۆیە ساڵانە لە نێوان 15ـی نیسان تاوەکو 15ـی تەممووز راوکردنیان قەدەخە دەکرێت. لەم ماوەیە دا نەک تەنیا راوکردن، بەڵکو گواستنەوە، فرۆشتن و خواردنی ماسییەکە بە تازەیی قەدەخەیە. تیمەکانی جەندرمە، پۆلیس، پاسەوانی کەناراوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستان 24 کاژێر لە ئەرک دان و رێگری لە راوی نایاسایی دەکەن. لە 16ـی تەممووز دا تۆڕەکان دەخرێنەوە ناو دەریاچەی وان لەگەڵ کۆتاییهاتنی قەدەخەکە لە 15ـی تەممووز، ماسیگرەکان بەیانیی 16ـی تەممووز وەرزی نوێی راوکردن دەست پێ دەکەن. ماسیگرەکان کە لە مانگەکانی رابردوودا بەلەمەکانیان نۆژەن کردووەتەوە و تۆڕەکانیان چاک کردووەتەوە، هیوای وەرزێکی پڕ بەرەکەت دەخوازن. لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کەمیی بارانەوە ماسی کەم ببووەوە، ئەمساڵ بەهۆی باشیی ئاستی ئاوی رووبارەکان، پێشبینی دەکرێت زاوزێ زیاتر بووبێت. سەرچاوەی بژێویی نزیکەی 30 هەزار کەسە دارەخ بۆ ئابووریی ناوچەکەش بایەخێکی زۆری هەیە. بەگوێرەی رووپێوی و راپۆرتە ئامادەکراوەکان، نزیکەی 30 هەزار کەس بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە رێگەی ماسیگری، کارگە، گواستنەوە و بازاڕکارییەوە بژێوییان لەسەر ئەو ماسییە دابین دەکەن. دارەخ یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووریی وان. چەند راستییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی ماسیی دارەخ هەرچەندە بە تورکی (ئینجی کەفالی) ناوەکەیەتی، بەڵام لە راستیدا لە خێزانی ماسییە کەفالەکان نییە. لە جیهان دا تەنیا لە دەریاچەی وان دەژی. یەکێکە لەو ماسییە دەگمەنانەی دەتوانێت لە ئاوی سۆدەیی pHـی 9.8 بژی. بۆ زاوزێ ناچارە کۆچ بۆ ئاوە شیرینەکان بکات. دەتوانێت بە بازدانی چەند مەتری بەسەر تاڤگەکان دا سەر بکەوێت. دایکە دارەخێک لە یەک وەرزی زاوزێ دا نزیکەی 10 هەزار گەرا (هێلکە) دادەنێت. سەرباری ئەوەی لە کاتی کۆچکردن دا دەبێتە نێچیری باڵندەکان، بەڵام ملیۆنان ساڵە وەچەی خۆی پاراستووە. هۆشداریی پسپۆڕان پسپۆڕان رایدەگەیێنن کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی راوکردن، زۆر گرنگە تەنیا ئەو ماسییانە راو بکرێن کە گەیشتوونەتە قەبارەی یاسایی و پابەندی بنەماکانی ماسیگریی بەردەوام بن. بەگوێرەی گوتەی شارەزایان، بەهۆی ئەو چاودێرییە توندەی لە ساڵانی رابردوو دا هەبووە، راوی نایاسایی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ژمارەی ماسییەکان لە دەریاچەکە دا زۆر زیادیکردووە.
کوردستان02-07-2026یەکێتی و نەوەی نوێ رێککەوتنیان واژۆکرد و شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: ئۆجەلان و ماندێلاش لە زیندانەوە دانوستاندنیان کرد