رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی پلەبەرزکردنەوەی بۆ 682 ئەفسەر و کارمەندی سەر بە میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە پلەبەرزکردنەوەکە لە عەقیدەوە تاوەکو ملازم دەگرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و رۆژی پێنجشەممە، 2-7-2026 دەرچووە، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 142، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی 682 ئەفسەر و کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
پلەبەرزکردنەوەکە لە ناوی (عەقید/ عومەر فارووق عەبدولعەزیز محەممەد) دەستپێدەکات و بە ناوی (ملازم/ کەیوان عومەر عارف عەلی) کۆتایی دێت.
ئەم بڕیارە بەپێی یاسای راژە و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 10ـی ساڵی 2011 جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
15ـی ئەم مانگە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم هەنگاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە لەسەر پلەبەرزکردنەوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ. ئێستا پلەبەرزکردنەوەی ساڵی 2024 تەواو بووە، بەڵام ساڵانی 2025 و 2026 ماون کە لە ئایندەدا کاریان لەسەر دەکرێت."
لەبارەی شێوازی پلەبەرزکردنەوەکە و ئیمتیازە داراییەکان، هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد: "وەک وەزارەتی ناوخۆ داوامان کرد پلەبەرزکردنەوەکان بێ ئیمتیاز (بەبێ زیادبوونی مووچە) بن تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش دەبێت، بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان و پلەی ئەفسەران رانەگیرێت، سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە دا."
لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی راگیراوە، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەدا مانگی رابردووش وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی هەزاران ئەفسەری ئەو وەزارەتە کردبوو.



.png&w=3840&q=75)

