رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسیی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدیان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئەرێنی بوون و هەفتەی داهاتوو بۆ رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی سەردانی بەغدا دەکەنەوە.
پێنجشەممە، 02ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کۆبووینەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا باسی 3 تەوەر کرا: یەکەمیان خزمەتگوزاریی کەسوکاری ئەو شەهیدانەی پێویستیان بە پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵ هەیە، دووەمیان بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سێیەمیان هەمواری یاساکان بوو."
لەبارەی هەمواری یاساکان، ئەحمەد مام رەسوول گوتی، پێویستە هەر هەموارێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی دامەزراوەی شەهیدانی بەغدایان بانگهێشتی کوردستان کردووە و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە.
لەبارەی مووچەی زیندانیانی سیاسی، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکان گوتی: "شاندەکەمان کە لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە لە بەغدایە، ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە کوردستان و دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو دووبارە دەچینەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی، تەنیا ئەوە ماوە نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بنێردرێت."
ئەحمەد مام رەسوول باسی لەوەکرد، کە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا "زۆر باش و ئەرێنی" بووە و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان نراوە.
ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پرسی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ماف و شایستەکانیان لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
ئێستا مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوڵ: "ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانییانی سیاسیی عێراق، زیندانییانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراونەتەوە. لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادە کراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.


.png&w=3840&q=75)

