رووداو دیجیتاڵ لیوا ئەیوب یوسف، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی لە ریزەکانی یەکێتی دەکەن و رایدەگەیێنێت، "من خۆم یەکێتیم دروستکردووە و هەر یەکێتیش دەبم." دەشڵێت، لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی سەردانی دەباشانی کردووە و لەگەڵی کۆبووەتەوە. رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، لیوا ئەیوب یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە کە من لە یەکێتی کشابێتمەوە، من خۆم یەکێتیم دروست کردووە و هەر یەکێتیش دەبم ئەگەر بە تەنیاش مابێتمەوە." لیوا ئەیوب یوسف سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆشی بۆ لای سەرۆکی یەکێتی، گوتی: "کاک بافڵ بانگی کردبووم و سەردانێکی ئاسایی و ئەحواڵپرسین بوو." بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە، لە دەباشان لەگەڵ لیوا ئەیوب یوسف، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین کۆبووەتەوە. پێشوازییەکەی بافڵ تاڵەبانی لە لیوا ئەیوب، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وازهێنانی ئەو فەرماندەیەی یەکێتی بوو لە حیزبەکەی. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "بە پێزانینەوە لە رۆڵ و خەبات و تێکۆشانی لیوا ئەیوب دەڕوانین وەک تێکۆشەرێکی دێرین و فەرماندەیەکی ئازای کوردستان و یەکێتی کە تەمەنی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەباتی کوردایەتی، ئەو وەکو شێرەکوڕێکی هەولێری لەگەڵ هەڤاڵەکانی بەشێکە لە سەروەرییەکانی گەلەکەمان." بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی لیوا ئەیوب لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە مایەی شانازیی هەموو لایەکە. بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لیوا ئەیوب یوسف سوپاسی سەرۆکی یەکێتی کرد و گوتوویەتی، کە هەمیشە پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی دەبێت و هەر ئەرکێک لە خزمەتی خەڵک دا بێت بە ئەمانەتەوە رایدەپەڕێنێت. لیوا ئەیوب یوسف سەعید، پێشتر فەرماندەی لیواکانی سێ و حەوتی پێشمەرگە بووە، پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتییە، ساڵی 1986 لەگەڵ سەرداری سەعید سۆفی و بەختیار کاوانی، لە سەنتەری شاری هەولێر تەقەیان لە پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر کرد و برینداریان کرد.
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026وەزارەتی کاروباری شەهیدان: رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تەواو بوون
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026نوێترین نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان؛ نرخەکان کەمێک دابەزین
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026میرانی برادۆست: فەیسەڵ کەریم خان تەنیا لە کاری حیزبی کشاوەتەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە