رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە تا کۆتایی مانگی تەممووز، ریزبەندیی ئەو زەوییانەی کە بەسەر فەرمانبەرانی قەزای چەمچەماڵدا دابەشکراون، بڵاوبکرێنەوە.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە قەزای چەمچەماڵ نەوەستاوە و بەردەوامین، چونکە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە زەوییەکانی فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە سنووری ناوچەکەمان، رابگەیێنین."
عەلی رەئووف نووری، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زەویی فەرمانبەران، قۆناخی رووپێوی و دیزاینی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناخی ئیفراز و تەوحیدین (دابەشکردن و یەکخستن) و پاشان رایدەگەیێنین و ژمارەی تاپۆیان پێدەدەین."
سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ دەڵێ: "22 هەزار فەرمانبەر فەرمانی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە، بەڵام ژمارەیان زۆرە و ئەگەر بمانەوێت هەموویان بخەینە بواری جێبەجێکردن و دابەشکردنەوە نزیکەی 15 ساڵ دەخایێنێت."
سەبارەت بە هەڵکەوتەی جوگرافیی زەوییەکان، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "سەرجەم زەوییەکان دەکەونە سنووری ماستەرپلانی قەزای چەمچەماڵەوە."
بە گوتەی ئاسۆ بەکر، پێشینە بۆ ئەو کەسانەیە کە کارتی زانیارییان لە قەزای چەمچەماڵە و هەوڵدەدەن هەموو ئەو فەرمانبەرانە، لە زەوییەکان سوودمەند بن.
"دیزاینی زەویی فەرمانبەرانی ناحیەی شۆڕش لەم هەفتەیەدا تەواودەبێت"
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی تەواودەبێت.
هاوکار فازڵ کاکەبرا، سەرۆکی شارەوانیی شۆڕش، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو زەوییانەی لە سنوورەکە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەکراون، نزیکەی هەزار دۆنم دەبێت و سەرجەمیان دەکەونە نێو ماستەرپلانی ناحیەکەوە و هاوسنووری ئاوەدانین." هەروەها گوتیشی: "قۆناخی دیزاینەکەی ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت و راستەوخۆ دەچینە قۆناخی دواتر."
بە گوتەی هاوکار فازڵ کاکەبرا، نزیکەی چوار هەزار و 500 فەرمانبەر فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و سەرجەمیان کارتی زانیارییان لە ناحیەی شۆڕشە."
سەبارەت بە شوێنی زەوییەکان، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش دەڵێ: "بەسەر دوو پارچەدا دابەشکراون، بەشێکی دەکەوێتە کەرتی 17ی موزەفەر و بەشەکەی دیکەش لە کەرتی 16ی پیریادییە، کە هەردووکیان لە سنووری ماستەرپلانی شۆڕشن."
هاوکار فازڵ سەبارەت بە دواکەوتنی دابەشکردنی زەوییەکان روونیکردەوە، "لە سەرەتای دەسپێکی پرۆسەکەدا تووشی گرفتی کەمیی بودجە بووین و پێشبینیش دەکەین تاپۆکردنەکە کاتێکی زۆر بخایێنێت، چونکە ژمارەی زەوییەکان زۆرن و لە بەرامبەردا یەک فەرمانگەی تاپۆ لە ناحیەکە هەیە."


.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)