رووداو - دیجیتاڵ
ئەفسەران و فەرماندەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرپەرشتیی قۆناخێکی نوێی
یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 دەکەن، کە ئێستا لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی سەربازیدا
بەناوی فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2 دەستبەکار بوون. خولی "دروستکردنی بڕیاری سەربازی"
دوایین هەوڵی هاوپەیمانانە بۆ یەکخستنی ریزەکانی هێزی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی لە
ژێر کاریگەریی حیزبی.
ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان کە بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵدا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان
لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا ئەم هێزە
نێودەوڵەتییانە دەمێننەوە یان بە تەواوی دەکشێنەوە.
جۆن سوانسن، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی
بەرەوپێشچوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان دەڵێت: "کارەکانی دەڤەری فەرماندەیی 1
و 2 زۆر باش دەڕۆن. ئێمە لێرە بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکەین و
هێزەکانی هاوپەیمانیش پشتیوانی لێدەکەن، ئەمەش هەنگاوێکی نایابە."
سەبارەت بە چارەنووسی مانەوەی هاوپەیمانان و نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ
وەزارەتی پێشمەرگە، سوانسن ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمانە بڕیاری سیاسیین و دەڵێت:
"من نازانم ئایا یاداشتەکە نوێ دەکرێتەوە یان نا، ئەوە بێگومان بڕیارێکی سیاسییە
و من لێی ئاگادار نیم. هەروەها بەردەوامیی هاوکارییەکانیشمان بۆ پێشمەرگە بڕیارێکی
سەربازی نییە و شتێک نییە لێرە لە هەولێر لەبارەیەوە بزانم."
لە فەرمانی حیزبەوە بۆ ژێر چەتری وەزارەت بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا،
فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2 بە تەواوی لە فەرمانی حیزبییەوە بێنە ژێر فەرمانی
راستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگە. بەپێی پلانەکە، فەرماندەیی دەڤەری 1 لە هەولێر و
دهۆک، و فەرماندەیی دەڤەری 2 لە سلێمانی و هەڵەبجە دەمێننەوە.
شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، جەخت لەسەر سەربازیبوونی هێزەکان دەکاتەوە و
دەڵێت: "پێشمەرگە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسالار و دامەزراوەکانی دیکەی
وەزارەتەوە فەرماندەیی دەکرێت. ئێستا دوو دەڤەر هەن کە سەرکردایەتی ئەو هێزانە
دەکەن و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەوە مانای ئەوە نییە گرفت نەماوە، بەڵام دیوە
جوانەکەی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی
کوردستاندا، خۆی دەستکەوتێکی گەورەیە."
ئامانجی کۆتایی ئەم چاکسازییانە ئەوەیە کە تەواوی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی 11
فیرقەی سەربازیدا رێکبخرێنەوە و هەموویان لە ژێر فەرماندەیی یەکگرتووی وەزارەتی
پێشمەرگەدا بن، تاوەکو ببێتە هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆ.

