رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگی سووریا زیادکردنی رۆژانی کارکردنی لە دەروازەی سنووریی سێمالکا (پیشابوور) لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بۆ شەش رۆژ لە هەفتەیەکدا راگەیاند و دەڵێ، کار بۆ ئەوە دەکرێ دەروازەکە هەموو رۆژێک کراوە بێت.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەکە بە نووشین حەمێ، ئیدیتۆر لە دێسکی رۆژئاوای کوردستان و سووریای بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بڕیارە "لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنی بەرامبەر لە دەروازەی سێمالکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دراوە."
عەلووش گوتی، بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، رۆژانی کارکردن لە دەروازەکە دەبێتە شەش رۆژ لە هەفتەیەکدا (لە رۆژی شەممەوە تاوەکو پێنجشەممە)، لەکاتێکدا پێشتر پێنج رۆژ کار لە دەروازەکەدا دەکرا.
مازن عەلووش ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی "ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و گواستنەوەی کاڵاکان، رێکوپێککردنی کارەکان لە دەروازەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە، بە جۆرێک کە وەڵامی پێداویستیی هاووڵاتییان بداتەوە و رۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی جموجووڵی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا."
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازەکانی سووریا گوتی، ئەوان "ئامادەیی تەواویان هەیە دەروازەی سێمالکا بەدرێژایی هەفتە کراوە بێت، هاوشێوەی دەروازە سنوورییەکانی دیکەی وڵات؛" باسی لەوەش کرد کە کارکردنی رۆژانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی "لە قۆناخی داهاتوودا دەستپێدەکات، هەر کاتێک لایەنی بەرامبەر لە هەرێمی کوردستان پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان تەواو بکات."
دەروازەی سنووریی سێمالکا کە لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە بە "پێشابوور" ناسراوە، دەروازەیەکی ستراتیژییە کە رۆژئاوای کوردستان بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.



