رووداو دیجیتاڵ دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی، بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، ئایفۆن 18، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە رۆژی یەکشەممەوە لە رێگەی کۆمپانیای ئای زۆن لە هەولێر، دەگاتە دەستی کڕیاران. شاهۆ شەریف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئای زۆن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 17-09-2026، نزیکەی 7 هەزار و 563 کەس بۆ وەرگرتنی ئایفۆن 18 پێشوەختە ناویان تۆمارکردووە و لە رۆژی یەکشەممەوە دەتوانن سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنی مۆبایلەکانیان." بە گوتەی شاهۆ شەریف، نرخی ئایفۆن 18 پڕۆ لە هەزار و 389 دۆلار و ئایفۆن 18 پڕۆ ماکس لە هەزار و 489 دۆلارەوە دەستپێدەکات. هەروەها نرخی ئایفۆنە نوێیە چەماوەکە 2 هەزار و 799 دۆلارە. جیا لەوانەی پێشوەختە ناویان تۆمارکردووە، بەشێک لە خوازیارانی ئایفۆن داواکاریی تایبەتیان پێشکێش کردبوو بۆ ئەوەی مۆبایلەکە زووتر وەربگرن. هەر ئەمڕۆ هەینی، چەند کەسێک بە نرخی هەزار و 750 دۆلار مۆبایلەکانیان وەرگرت. ناتالیا سەنگەر و دایکی، کە ئینفلوێنەرن و ساڵانە لە یەکەمین کڕیارەکانن، ئەمساڵیش یەکەم کەس بوون سەردانی کۆمپانیای ئای زۆنیان کرد. ناتالیا بە رووداوی گوت: "ئێمە پێشوەختە ناومان تۆمارکردبوو، حەزمان لێیە یەکەم کەس بین ئایفۆن 18 تاقیبکەینەوە." رێژین عەبدولستار، یەکێکی دیکە لە کڕیارەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ کارەکەی پێویستی بە مۆبایلێکی باش هەیە و گوتی، "ئەمساڵ ئایفۆن 18 کامێرا و پاترییەکەی زۆر باشتر کراوە." کڕیارێکی دیکە بە ناوی شەماڵ جەبار باسی لە تایبەتمەندییەکی کۆمپانیاکە کرد و گوتی: "پێویستە دوو ساڵ جارێک مۆبایلەکەت بگۆڕیت، کۆمپانیای ئای زۆنیش ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە دەتوانیت مۆبایلە کۆنەکەت بهێنیت و لەگەڵ مۆبایلێکی نوێدا بیگۆڕیتەوە." بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە، 20-09-2026، مۆبایل و بەرهەمەکانی ئایفۆن 18 بە فەرمی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەست بن.
کوردستان18-09-2026وەزارەتی پێشمەرگە: زیاتر لە 99٪ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی هەژماری من تۆمارکراون