رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 870 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، 16یان لەم مانگەدا بووە.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە دوای هەشتی نیسانی 2026ـەوە کە ئاگربەست راگەیێندرا تاوەکو 16ـی حوزەیران، هەرێمی کوردستان بە 97 مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە، لە دوای ئەو رێککەوتەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان راگیراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 875 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 20 شەهید و 135 بریندار هەن.
کات و شوێنی دوایین هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیراندا:
- 2ـی حوزەیران، بە دوو مووشەک هێرش کرایەسەر بارەگای حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، تەنیا زیانی مادی هەبووە.
- 7ـی حوزەیران، دوو درۆن لە سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە.
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری هەولێر.
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر.
- 11ـی حوزەیران بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کۆگەیەکی دانەوێڵە لە قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر.
- 11ـی حوزەیران لە گوندی داروسەلام لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە لە پارێزگای هەولێر درۆنێک کەوتە خوارەوە.
- 10ـی حوزەیران لە سنووری هەولێر، درۆنێک پێش ئامانجەکەی تەقێندرایەوە.
- 9ـی حوزەیران، دوو درۆن نزیک فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە سلێمانی کەوتەوە خوارەوە.
-08ـی حوزەیران، بە دوو درۆن هێرش کرایەسەر کەمپێکی پەنابەران لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- 16ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر یەکێک لە کەمپەکانی کەسوکاری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر: 597 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 245 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش
شەهید و بریندار لە ئەنجامی هێرشەکان
ئەوانەی شەهید بوون، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دووانیان هاوژینی یەک بوون و لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ هەشتیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



