رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، هەناردەی پارێزگاکە لە ساڵێکدا 29٪ گەشەی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، سەخاوەت خێرخا، بەڕێوەبەری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پار هەناردەی کاڵا لە پارێزگاکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بە جۆرێک 29٪ گەشەی کردووە.
سەخاوەت خێرخا گوتی، لە ماوەی ساڵێکدا، سەڕەرای بارودۆخی تایبەتی وڵات، زیاتر لە 4 ملیۆن تۆن کاڵای بەرهەمی خودی پارێزگاکە کە دەکاتە بایی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، هەناردەی کراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ، لە هەمان ماوەدا بایی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار کاڵای پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە.
سەخاوەت خێرخا روونیکردەوە، پار زیاتر لە شەش هەزار کارتی بازرگانی دراوەتە بازرگانان و لە رێگەی ئەو کارتانەوە بایی زیاتر لە یەک ملیار و 127 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەی پارێزگاکە کراوە.
پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخچیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان دا هەیە، زۆربەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستانە.
لەو پارێزگایە، شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ هەرێمی نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.



