رووداو دیجیتاڵ
نرخی نان لە پارێزگای سنە، لەڕێگەی پلاتفۆرمە نانینۆ (بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی نان) راگەیێندرا. هەندێک جۆری نان نرخەکەی 100% بەرز بووەتەوە و نانێکی لەواش لە 850 تمەنەوە بۆ هەزار و 700 تمەن بەرز بووەتەوە.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، نرخی نان لە پارێزگای سنە راگەیێندرا. ئەم زیادبوونی نرخە، هەفتەی رابردوو لەلایەن سەندیکای ئارد و نانی پارێزگای سنەوە پەسندکرابوو، لە رۆژی یەکشەممەوە لە سیستمی سەرتاسەریی نانینۆدا جێبەجێ کرا.
فەرەیدوون حامیدی، سەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری سەقز، گۆڕانکاریی نرخەکانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی نانەواخانەکان و ئەو هەڵاوسانەی هەیە، سەندیکای ئارد و نانی پارێزگا نرخەکانی هەموار کردووەتەوە."
بەپێی ئەو نرخە نوێیانەی لە پلاتفۆرمی "نانینۆ"دا جێگیرکراون؛ نرخی نانی لەواش، کە رۆژی شەممە بە 850 تمەن فرۆشراوە، لە رۆژی یەکشەممەوە گەیشتووەتە هەزار و 700 تمەن. هەروەها نرخی نانی بەربەری لە سێ هەزار تمەنەوە بۆ شەش هەزار تمەن و نرخی نانی سەنگەک لە چوار هەزار و 450 تمەنەوە بۆ حەوت هەزار و 200 تمەن بەرز بووەتەوە.
حامیدی ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای سنە دوایین پارێزگای ئێران بووە کە ئەم گۆڕانکارییەی لە نرخەکاندا جێبەجێ کردووە.
سیستمی نانینۆ (پڕۆژەی بەڕێوەبردنی زیرەکی یارانەی ئارد و نان) پلاتفۆرمێکە بۆ چاودێریکردنی دابەشکردنی ئاردی حکومی (پاڵپشتیکراو) و کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی نان لە سەرانسەری ئێراندا.
سەندیکای ئارد و نانی ژووری بازرگانیی ئێران رایانگەیاندبوو، نرخەکان بە رەچاوکردنی بارودۆخی جیاوازی شارە گەورەکان و ناوەندی پارێزگاکان جیاوازن و لە هەندێک لە شارە گەورەکان وەکو تاران نرخی هەر نانێکی لەواش بە دوو هەزار و 700 تمەن، بەربەری بە 10 هەزار تمەن و سەنگەکی بە 15 هەزار و 500 تمەنە.

.jpeg&w=3840&q=75)

