رووداو دیجیتاڵ
سێ گوند لە هەرێمی کوردستان و دوو گوند لە عێراق، بۆ کێبڕکێی باشترین 100 گوندی گەشتیاریی جیهان لەلایەن رێکخراوی گەشتیاریی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەربژێر کران . دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم هەنگاوە کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو 5 گوندەی بەربژێر کراون، سێـیان لە هەرێمی کوردستانن کە بریتین لە: بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە، رەواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هرور لە پارێزگای دهۆک."
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار راشیگەیاند، دۆسیەی گوندەکانیان رادەستی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا ناوەکان رابگەیێندرێن. هەروەها گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و وادەکات گەشتیارانی بیانی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەوەش کەرتی گەشتوگوزار و ئابووریی هەرێم زیاتر دەبووژێتەوە."
عەلی یاسین عەبدولڕەزا، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتیاریی عێراق، یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە سێ گوندەکەی هەرێمی کوردستان، دوو گوندی دیکە بەربژێر کراون کە بریتین لە "میرکی" لە نەینەوا و "ئەبو سوبات" لە زیقار. راشیگەیاند، دوو گوندی دیکە لە کوت و کەربەلا هەبوون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی دۆسیەکانیانەوە بەربژێر نەکراون.
گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریی عێراق روونیکردەوە، بڕیارە لە دوو مانگی دیکەدا رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی ئەنجامەکان رابگەیێنێت و گوتی: "مەرج نییە تەنیا یەک گوند هەڵبژێردرێت، بەڵکو دەکرێت یەک تاوەکو سێ گوند دیاری بکرێن، ئەوەش دەکەوێتە سەر بەهێزیی دۆسیەی گوندەکان."
بە گوتەی عەلی یاسین، لایەنە پەیوەندیدارەکان ماوەی ساڵێکی تەواو کاریان لەسەر هەڵسەنگاندنی گوندەکان کردووە بەپێی 70 پێوەری جیهانی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراون. ئامانجی سەرەکیش هاندانی خەڵکی گوندەکانە بۆ گرنگیدان بە گەشتیاریی ژینگەیی و گوندنشینی.
سەبارەت بە سوودەکانی ئەم هەنگاوە، گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریی عێراق گوتی: "ئەم بەربژێرکردنە ریکلامێکی جیهانییە بۆ گوندەکان، چونکە پسپۆڕانی رێکخراوێک کە 160 وڵات لەخۆدەگرێت، بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو و بە شێوەی 24 کاژێری تیشک دەخەنە سەر ئەو ناوچانە."


