رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، چوار شاندی هەرێمی کوردستان، بۆ چەند پرسێکی جیاواز سەردانی بەغدا دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندێکیان بۆ پرسی مووچەی مانگی شەش و داهاتی ناوخۆیە، کە هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندووە، دیاریکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ یاسایی نییە.
شاندی یەکەم
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بڕیاریداوە بڕی 120 ملیار دینار وەک "بەشی داهاتی ناوخۆ" لە کۆی ئەو پارەیە ببڕێت کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەم لێبڕینە حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی گرفت دەکات، چونکە ئێستا داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە جاران. ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو مووچەخۆرانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، مووچەی مانگی 5ـیان وەرنەگرتووە.
بۆ رێگریگرتن لەم بڕیارە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر هێڵە تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو 120 ملیار دینارە گل نەداتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دانوستاندن بچنە بەغدا و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بەغدا داوای دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە 42 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە تەرخان دەکات کە بە گرێبەست دامەزراون. ئەگەر بەغدا ئەو 120 ملیار دینارە ببڕێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 6 تووشی کورتهێنان دەبێت و رەنگە مووچەی هەمووان دوابکەوێت تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ دەکرێتەوە.
فالح ساری، لە کاتی دەستبەکاربوونی گوتی، مووچەی هەرێمی کوردستان دواناخات. بەڵام ئێستا بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەختە دەیەوێت ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێن عەلی زەیدی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و بەغدا رازی بێت تەنیا نیوەی داهاتی ناوخۆ وەربگرێت، تاوەکو چیدیکە بژێویی مووچەخۆران نەکەوێتە مەترسییەوە.
شاندی دووەم
تایبەت بە پرسی ئەسیکۆدایە، هەرچەندە هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەییشتن، بەڵام چەند بڕگەیەک ماوە کە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت، هەروەها دەبێت ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق لە کۆبوونەوەیەک دەنگ لەسەر رەشنووسی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا بدات.
شاندی سێیەم
لەبارەی زیندانییانی سیاسییە. لیستی نزیکەی 25 هەزار زیندانی سیاسی دراوەتە حکومەتی عێراق بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان؛ ئەمە جگە لەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەو لیستە تاوەکو ئێستا تەنیا کۆدیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
شاندی چوارەم
شاندێکی وەزارەتی تەندروستی بە سەرۆکایەتی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی سەردانی شاری بەغدا دەکات بەمەبەستی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ د. عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان.
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، تەندروستی، ماف و شایستەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت و، بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر و گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەبێت."


