رووداو دیجیتاڵ
ئاوارەکانی شەڕی داعش و میوانانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، هەشت ساڵە لە مزگەوتی ئاڵتوون لە بنەسڵاوەی هەولێر، بە شین و گریان. لاوانەوە و لەخۆدان یادی رۆژی دەیەم رۆژی کوژرانی ئیمام حوسێن دەکەنەوە.
ئەحمەد رەشید، خەڵکی کەربەلایە و سەرپەرشتیاری کەژاوی حوسێنە لە هەولێر. لەبارەی ماتەمگێڕانی پەیڕەوانی ئیمام حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاسی حکومەتی هەولێر دەکەین بۆ پاراستنی ئەم رێوڕەسمە، ئامانج لەو رێوڕەسمە لە پارێزگای هەولێر تەنیا گەیاندنی ئاشتی و تەبایی و خۆشەویستییە. نامەیەکیشە کەوا خەڵکی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە، خۆشەویستیی تایبەتیان هەیە بۆ ئەهلی بەیت."
جگە لە ئاوارەکانی شەڕی داعش و ئەو میوانانەی لە پارێزگاکانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی هەولێریش بە جلی کوردییەوە لە یادەکە بەشداربوون.
سەدیق مارەڵڵا، دانیشتووی شارۆچکەی خەباتە و لە یادەکەی ئیمام حوسێن لە مزگەوتی ئاڵتوون گوتی: "زۆر کەس نەیدەزانی یادی ئیمام حوسێن چییە. کە هاتە ئێرە، ئەوجار زانی چۆن شەهیدکراوە و چ زوڵمێکی لێکراوە. درووست نییە بە شیر و زنجیر لەخۆ بدرێت و سەید سیستانی ئەمە قبوڵناکات."
حوسێن مەولوود، هاونیشتمانییەکی شاری هەولێرە. دەڵێت: "ئێمە وەکو کورد و سوننە لەخۆدانمان نییە، بەڵام ئیمامی حوسێنیش بەهی خۆمان دەزانین. رۆژی شەهیدبوونی بەدڵ و بەگیان یادی دەکەینەوە و لەناخەوە دەگرین، بەڵام لەخۆمان نادەین."
کۆتاییهاتنی یادی عاشوورا، سەرەتایەکە بۆ ئامادەکارییەکی دیکە. سەرپەرشتیارانی ئەم کەژاوەیە دەرگای ناونووسین دەکەنەوە تا ئارەزوومەندان بۆ چلەی ئیمام حوسێن لە هەولێرەوە ببنە کەربەلا. پار 18 کەژاوە لە هەولێرەوە رۆیشتبوونە کەربەلا بۆ بەشداری لە یادی چلەی ئیمام حوسێن.

