رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی "چەقبەستوو"دا تێدەپەڕێ و پێویستە پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆببنەوە، چونکە "بێ یەکدی ناتوانن حکومەتێکی کارای سەرتاسەری پێکبێنن."
ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی سهڵاحهدین محەممەد بههائهدین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستانی کرد و سەرەخۆشی لێکرد بەهۆی کۆچی دوایی براکەیەوە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵی سهڵاحهدین محەممەد بههائهدین هەبووە لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و هەردوولا لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هاوڕابوون.
مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرەخۆشی بوو "بەهۆی مردنی مامۆستا حوسێن محەممەد بەهائەدین، برای ئەمینداری گشتی یەکگرتوو. لە سەردانەکەدا باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرا".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو گوتی: "کاک بافڵ کە لە کۆبوونەوەکە هاتە دەرەوە، کەناڵێک پرسیاری لێکرد و ئەویش گوتی "مامۆستا [سەڵاحەدین بەهائەدین] ئەمر دەکات. مامۆستا هەر شتێک بڵێ ئێمە پێی رازین، چونکە دەزانین خەمی مامۆستا خەمی نیشتمانە، خەمی یەکڕیزییە و خەمی قەوارەیەکی بەهێزە'."
مستەفا عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە یەکێتی پێی وایە "هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە" و دەبێت لە گفتوگۆکاندا "حیساب بۆ هاوپەیمانیێتییە تازەکان بکرێ،" بەڵام پارتی "دیدێکی دیکەی هەیە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد کە یەکگرتوو بە هەردوو هێزی کوردستانی گوتووە کە "دیدتان وایە بێ یەکدی، ئەم هەرێمە بەڕێوە نابردرێ، کەواتە دەبێت خاڵێکی هاوبەش بدۆزنەوە و بگەنە دیدار و گفتوگۆ."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو دەڵێ: "بۆچوونمان وایە نابێ ئەم دۆخە بەم جۆرە بێت. پێویستە هەرێمی کوردستان پەلە بکات و جیاوازییەکان وەلا بنێت."
بە گوتەی مستەفا عەبدوڵڵا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پڕۆژەیەکی سێ تەوەریی داوەتە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کە تێیدا داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەت و یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا دەکات.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو دەڵێ: "هەردوو لا، چ پارتی و چ یەکێتی، دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو بە دەرچەیەکی گونجاو دەزانن."
قسەکانی مستەفا عەبدوڵڵا ئەمڕۆ سێشەممە 23-6-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشكێشیکرد.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، ناکرێ هەرێمی کوردستان "رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی بڕوات،" لە کاتێکدا "بەغدا رۆژ بە رۆژ لەسەر پێی خۆی بەهێز دەبێت."
مستەفا عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەوە نەنگییە بۆ هەرێمی کوردستان کە نوێنەری ئەمریکا ناچار بێت بە جیا لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشێت."
زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکان، تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە.


