رووداو – هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە سێ مانگدا رێکارەکانی سەرجەم مووچەخۆران لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) تەواوبکرێن. وەزارەتی دارایی هۆشداری دەدات، هەر مووچەخۆرێک تاوەکو کۆتایی مانگی 8ی ئەم ساڵ تۆمارنەکرێ، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی دەبڕدرێ.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بڕیار لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران درا و 3 مانگ دیاری کرا بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە پڕۆژەی (هەژماری من).
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو رێکەوتی 31-8-2026 ناوی تۆمارنەکرابێت و کارتی بانکی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە رادەگیرێ و رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێ.
وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکان کە پرۆسەی دروستکردنی کارتەکان لەلایەن بانکەکانەوە لە کاتی خۆتۆمارکردنەوە نزیکەی یەک مانگ کاتی دەوێ؛ بۆیە داوا دەکات رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تەواوی سوودمەندانیان خۆیان تۆمارکردووە و کارتی بانکییان وەرگرتووە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 96%ـی مووچەخۆری کەرتی گشتی لە رێگەی هەژماری من تۆمارکراون کە 862 هەزار و 168 مووچەخۆرن و کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
رێژەی تۆمارکردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 99% بە ژمارەی 379,204 مووچەخۆر.
دهۆک: 99% بە ژمارەی 188,164 مووچەخۆر.
هەڵەبجە: 93% بە ژمارەی 15,886 مووچەخۆر.
سلێمانی: 92% بە ژمارەی 278,913 مووچەخۆر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە نامەی مۆبایلیان بۆ گەڕاوەتەوە، لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.



