رووداو دیجیتاڵ
گەرەنتی بەغدا بۆ کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کۆمپانیاکان دەست بە کارکردن بکەنەوە. هەندێک لە کۆمپانیاکان دەتوانن لە چەند هەفتەیەک و هەندێکی دیکە بۆ ماوەیەکی دوورتر دەستبەکار ببنەوە، بەتایبەت ئەوانەى کە بە درۆن هێرش کراوەتە سەریان. یەکێک لە رێگەچارەکان کە باس کراوە ئەوەیە کە سیستمى بەرگریى دژە درۆن و مووشەک لە کەرکووک و نەینەوا دابنرێت بۆ پاراستنى کێڵگەکان. گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت: "هێشتا کۆمپانیاکان چاودێریى دۆخى هەرێمى دەکەن بۆ ئەوەى بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کەی دەگەڕێنەوە."
ئەو 60 رۆژەى بۆ گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران دیاریکراوە بۆ ئەوەی لەسەر لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان بگەنە رێککەوتن، دۆخێکى نوێى بۆ بەرهەمهێنانەوەى نەوت لە عێراق و هەرێمى کوردستان رەخساندووە.
گەیشتنەوە بە ئاستى بەرهەمهێنانى پێش جەنگ، پێویستى بە گەڕانەوەى کۆمپانیاکانە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە و حکومەتى فیدراڵى گەرەنتی پێداون.
گەرەنتی ئەمنی لە سنوورەوە
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، حکومەتى فیدراڵى عێراق بەڵێنى پاراستنى کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستانى داوە و ویستى خۆى بۆ پاڵپشتى لە کۆمپانیاکان لەو بارەیەوە دەربڕیوە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو پرسە بە رووداوى گوت:"لەبەر ئەوەى کە عێراق سیستمى بەرگریى پێشکەوتووى نییە، رەنگە سیستمى ناسینەوەى مەترسیى هێرشە ئاسمانییەکان وەک مووشەک و درۆن لە پارێزگاى کەرکووک و مووسڵ دابنێت، کە هاوسنوورى هەرێمى کوردستانن."
31 بەرپرسى عێراق و هەرێمى کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاکانى نەوت لە کۆبوونەوەکەى 3ی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران بەشدار بوون؛ یەکێک لەو گەرەنتیانەى لەو کۆبوونەوەیەدا بە کۆمپانیاکان درا، پاراستنیان بوو لە هێرشەکان بۆ ئەوەى بەرهەمهێنان دەستپێبکەنەوە.
سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى جیهان هەیە بۆ ئەوەى سیستمى بەرگریى ئاسمانیى پێشکەوتوو بدەنە عێراق. تێڕوانینى وەزارەتى بەرگرى، چۆنیەتیی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکە و سەرچاوەکەى یەکلا دەکاتەوە."
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، کۆمپانیاکانی نەوت بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوت راگرت بەهۆی ئەو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکانی وابەستەی ئێران بە درۆن کردیانە سەریان.
بۆ چارەسەری مەترسیی ئەمنیی کۆمپانیاکان و پاراستنی کێڵگەکانی نەوت، لە 18ی حوزەیران شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.
بەرهەمهێنان و سێ دۆخى جیاواز
گەرەنتیدانى بەغدا بە کۆمپانیاکانی نەوت هێشتا بە کرداری ئەنجامی نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گەڕانەوەی بۆ دۆخی پێش جەنگ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە بە (رووداو)ی راگەیاند، لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت سێ دۆخی جیاوازی کۆمپانیاکان هەن، هەندێکیان ئەوانەی کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، رەنگە تاوەکو ساڵێک کاتیان پێویست بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ئاساییکردنەوەی دۆخی کێڵگەکەیان، دۆخى دووەمیان ئەو کۆمپانیایانەن کە هێرشیان نەکراوەتە سەر و دوای ئامادەسازییە تەکنیکییەکان، لە ماوەی دوو یان سێ هەفتەدا دەتوانن دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە، دۆخى سێیەم ئەو کۆمپانیایانەن لە رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی پێشووی نێوان بەغدا و هەولێر نەبوون و ئێستا سەرقاڵی کۆبوونەوەن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێستا بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیلە، کەمبوونەوەى هەناردە و کشانەوەى هەندێک لە کۆمپانیاکان هۆکارى ئەو کورتهێنانەیە، بەر لە جەنگ، عێراق رۆژانە 4.5 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی هەبوو و هەناردەشی زیاتر لە 3.2 ملیۆن بەرمیل بوو.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران گەرەنتی دراوەتە کۆمپانیاکانی نەوت و فەرمان دراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لەلایەن سوپاوە، سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە کۆمپانیاکان کە دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کار، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکان چاودێریی دۆخی هەرێمى دەکەن بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کەی دەگەڕێنەوە."
بەغدا جگە لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، خواستی هەیە کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بکەن بۆ هەناردەکردن و قەرەبووی ئەو کورتهێنانەی لە هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمز بەهۆی دۆخی جەنگەوە دروست بووە.
سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت: "حکومەتی عێراق خواستی دەربڕیوە کە دەیەوێت هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانى تورکیاوە بەرز بکاتەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەشێوەیەک 250 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان، 250 هەزار بەرمیلی دیکە لە کەرکووک و ئەو 250 هەزارەی دیکەش نەوتی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور بێت، کە بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ کەرکووک و لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت."
ئەو سەرچاوەیە پێشبینی کرد، گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی 250 هەزار بەرمیل نزیکەی ساڵێک بخایەنێت بەهۆی زیانی هەندێک لە کێڵگەکان دوای هێرشە درۆنییەکان و لە قۆناخی سەرەتادا بەرهەمهێنان دەگەیێندرێتە نزیکەی 170 هەزار بەرمیل.




