رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تۆمارکردنی کوردە بێناسنامەکان لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە 28ـی حوزەیرانەوە قۆناخی یەکەمی چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانە بێناسنامەکان دەستپێدەکات و پرۆسەکە لە ناوەندەکانی حەسەکە، قامشلۆ و تربەسپی بەڕێوەدەچێت.
روباریا فەیسەڵ حوسێن، ئەندامی لیژنەی تۆمارکردنی کوردە بێناسنامەکان، بە (رووداو)ی راگەیاند، لیژنەکە هەفتانە لیستی نوێی ناوەکان بڵاودەکاتەوە و پرۆسەکە تاوەکو کۆتاییهاتنی ناوی هەموو ئەو کەسانەی خۆیان تۆمارکردووە، بەردەوام دەبێت. گوتیشی، "بۆ کۆتاییهاتنی ئەم قۆناخە کاتێکی دیاریکراو نییە و ئامادەکردنی لیستەکان بەدوای یەکدا دەبێت."
سێ ناوەند بۆ چاوپێکەوتنەکان تەرخانکراون: ناوەندی حەسەکە (بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە و شاری دربێسی)، ناوەندی قامشلۆ (بۆ خەڵکی شاری قامشلۆ و دێرک) و ناوەندی تربەسپی.
بەگوێرەی قسەکانی روباریا حوسێن، رۆژانە چاوپێکەوتن لەگەڵ 20 خێزان دەکرێت و بۆ هەر خێزانێک کاژێرێک تەرخاندەکرێت بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت. لە قۆناخی یەکەمدا ناوی 48 خێزان هاتووەتەوە، کە بەگوێرەی پێشینەی تۆمارکردن هەڵبژێردراون.
پرۆسەی چاوپێکەوتن
لەکاتی چاوپێکەوتندا، وێنە و پەنجەمۆری هەموو ئەندامانی خێزانەکە وەردەگیرێت. روباریه فەیسەڵ حوسێن گوتی، جگە لە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی خێزانەکە، هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکە لە هاووڵاتییان داوا ناکرێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوای چاوپێکەوتن، هێشتا هیچ شتێک بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناخە، رێنمایی نوێ بڵاوبکرێتەوە.
روباریا حوسێن لە دڵنیایی دایە هەموو ئەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمارکردووە و گوتی، "پرۆسەی پێدانی ناسنامە بەگوێرەی بڕیارنامەکە بەردەوامە و دەرگا بۆ هەموو کوردێکی بێناسنامە کراوەیە. ئێمە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەرگرتنی ناسنامە پێشکەش دەکەین."
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکە بوو، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.

