رووداو - دیجیتاڵ
لە گوندی "زەورا"ی سەر بە قەزای وێرانشار لە پارێزگای روهای باکووری کوردستان، رۆژانێک ماڵی باوکی یاریزانێکی جیهانی بووە. دێنیز ئۆنداڤ، ئەو
ئەستێرە کوردە ئێزدییەی کە ئێستا بە درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوە لە مۆندیالی
2026 دا دەدرەوشێتەوە، چیرۆکی سەرکەوتنەکەی لە نێوان غەریبی و وەفای خێزانەکەیدا نووسراوەتەوە.
لە ساڵی 1987، باوکی دێنیز و شەش مامی، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوورییەوە
گوندەکەیان جێهێشت و بەرەو ئەڵمانیا کۆچیان کرد. دێنیز لە غەریبی لەدایکبوو،
بەڵام رەگەکەی هەر لە گوندی "زەورا" بە زیندویی مایەوە.
سەختییەکانی گەیشتن بە لوتکە بۆ دێنیز رێگەیەکی گوڵڕێژکراو نەبوو؛ ئەو بە
ماندووبوونێکی زۆر گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا. کاتۆ ئۆنداڤ، مامی دێنیز، لەبارەی
سەرەتای کاروانی وەرزشیی برازاکەیەوە بە رووداوی گوت: "دێنیز لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە ناو تۆپی پێدایە.
زۆر ماندووبوونی بینی و ئازاری نەبوونیی بینی، تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی بڕیاری دابوو واز لە یاری بهێنێت.
باوکی بۆ ئەوەی دەێنیز پێشبکەوێت و سەرکەوتوو بێت، رۆژانە دوو بۆ سێ کاری دەکرد.
دێنیز خۆشی کاتێک تەمەنی 14-15 ساڵان بوو، دەچوو بۆ ئیش و دوای تەواوبوونی
کارەکەی، دەگەڕایەوە بۆ مەشقکردن."
ناسنامەیەکی رەسەن دێنیز لە خێزانێکی کوردی ئێزدییە و سەر بە عەشیرەتی "مەروانی"ـیە.
باوکی خەڵکی گوندی زەورای وێرانشارە و دایکیشی کوردی ئێزدیی گوندی "بارزان"ە لە
پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. کاتۆ ئۆنداڤ دەڵێت: "دایکی دەێنیز من خۆم
چووم لە سووریاوە هێنام. دەێنیز سێ برا و خوشکێکی هەیە و پێکەوە چوار خوشک و
بران."
شانازیی گوندنشینان ئێستا کە دێنیز لە یانەی شتوتگارت و هەڵبژاردەی نیشتمانیی
ئەڵمانیادا دەدرەوشێتەوە، بووەتە تەوەری سەرەکیی باسی خەڵکی گوندەکەی و
تەواوی ناوچەکە. هاوگوندییەکانی دەنیز ناتوانن شانازی و دڵخۆشیی خۆیان
بشارنەوە:
هاوگوندییانی دێنیز بەمجۆرە بۆ رووداو دوان، جووتیارێکی گوندەکە دەڵێت: "ئێمە زۆر بە دێنیز سەربەرزین. دڵخۆشین کە ناوی ئێمە، ناوی
گوندەکەمان و ناسنامەی کوردیی ئێمەی لە جیهاندا دەنگپێداوەتەوە." هەروەها یەکێکی دیکە دەڵێت: "سەرکەوتنی ئەو بۆ ئێمە شەرەف و رێزێکی گەورەیە."
ژنێکی گوندەکە دەڵێ: "دێنیز خزم و هاوگوندیی ئێمەیە، سوپاسی دەکەین کە سەری ئێمەی لە جیهاندا بەرز کردووە."
سەرەڕای ئەوەی دێنیز ئۆنداڤ تاوەکو ئێستا سەردانی روهای نەکردووە، بەڵام خەڵکی
گوندەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی رۆژێکن ئەو ئەستێرە جیهانییە بگەڕێتەوە سەر خاکی باو و باپیرانی و دڵخۆشییان بکات.
.jpeg&w=3840&q=75)

