رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و رێبەری رەوتی سەلەفییەکانی کوردستان، بێدەنگی لەسەر ئەو تۆمەتانە شکاند لە چەند رۆژی رابردوودا ئاراستەی کران و بە "بوختانی بەرنامەبۆداڕێژراو" ناویان دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئامادەیە بچێتە دادگە، بەڵام بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی باوکی کچەکان.
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی و تۆمەتبارکردنی بە "گێچەڵی سێکسی" بەرامبەر ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد وەڵامێکی بڵاوکردەوە.
د. عەبدوللـەتیف وەڵامەکەی بە سوێندخواردن دەستپێدەکات و دەڵێت: "سوێند بە خوای گەورە، ئەو خوایەی بە نهێنی و شاراوەکان دەزانێت، کە ئەم تۆمەتانە درۆن و بوختانن."
ئەو مامۆستا ئایینیە ئاماژە بەوە دەکات، "شەپۆلێکی گەورەی ناوزڕاندن" دژی دەستیپێکردووە وەک ئەوەی "ئابڕووی خەڵک حەڵاڵ کرابێت بۆ هەر درۆزن و پڕوپاگەندەکارێک."
"داعش و ئیلحاد لەسەر من یەکیان گرتووە"
د. عەبدوللـەتیف رەهەندێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەداتە کەیسەکە و دەڵێ: "ئەوەی روویدا تەنیا رەفتارێکی کەسی نەبوو، بەڵکو هەڵمەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراو و رێکخراوە کە چەند تۆڕێکی پیس لە دەرەوە دەیبەن بەڕێوە کە هەڵگری بیری داعشی و ئیلحادییە و بەرژەوەندییەکانیان یەکی گرتووەتەوە."
بە گوتەی د. عەبدوللـەتیف، لە نێوخۆش کەسانێک هەن کە پێچەوانەی رێبازی ئەو کار دەکەن و "نهێنی هەندێک لە کچانیان لایە، بۆیە ئەمەیان وەک کارتی گوشار بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بوختانم پێ بکەن و هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێکردوون ئەگەر شایەتیم لەسەر نەدەن."
د. عەبدوللـەتیف باس لەوە دەکات کە "ئامانجی سەرەکی لە پشت ئەم هاوپەیمانییە پیسەوە، تیرۆرکردنی مەعنەویی کەسایەتیمە و شێواندنی بانگەوازەکەمە؛ هەروەها تۆقاندنی هەر دەنگێکی ئازادە کە پێچەوانەی رێبازە توندڕەوەکەیان بێت."
د. عەبدوللـەتیف لە پەیامەکەیدا رەخنە لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێ و ئاماژە بەوە دەکات کە "من سەرسامییەکی زۆرم هەیە بەرامبەر بەم بێدەنگییەتان لەسەر ئەم هەڵمەتە قێزەونانە، کە لەلایەن کەسانێکەوە ئاراستە دەکرێ کە بە ئاشکرا کافرتان دەکەن و خەڵک دژتان هان دەدەن؛" هەروەها وەک خۆی ناوی ناوە "هەندێک ماڵپەڕ و سەکۆی راگەیاندنی سێبەر" و بەوە تۆمەتباریان دەکات بەوەی "بوونەتە مینبەر بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهر و بوختانەکان."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، د. عەبدوللـەتیف رووی دەمی دەکاتە مامۆستا و خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و دەڵێت: "ئێوە هەمووتان لە نزیکەوە دەمناسن، زۆرینەی قوتابیان داوایان کردووە من وانەیان پێ بڵێمەوە و واژۆکانیشیان لەبەردەستدایە؛" هۆشداریش دەدات کە "ئەم پیلانە" تەنیا بۆ کەسایەتی ئەو نییە، بەڵکو بۆ شێواندنی نێوبانگی دامەزراوەکەیە.
داواکارییەک بۆ دادگە: "بە ئاشکرا و لەبەردەم باوکیان"
د. عەبدوللـەتیف داوای رێکاری یاسایی دەکات بۆ ئەوەی "دەرکەوێ ئەو (کچە) کێیە کە بە درۆ و ساختەکاری و لە ژێر فشاردا دەیانەوێ بیكەنە قوربانییەکی خەڵەتێنراو."
بەڵام مەرجی هەیە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دادپەروەری لەوەدا نابینێت کە "لە ژوورێکی داخراو و بە نهێنی، پێشوازی لە هەر ناحەز و بەکرێگیراوێکی نەفس نزم و خۆفرۆشێک بکرێ، بێ ئاگاداریی دایک و باوک و کەسوکاریان و بێ ئامادەبوونی من، درۆ و بوختانم بۆ هەڵبەستن." دەشڵێت، "دادپەروەریی راستەقینە" ئەوەیە کە "ئەگەر کەسێک سکاڵایەکی هەیە، ئەوا بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی باوکی رووبەڕووم ببێتەوە و لە دادگەدا یەکلایی بکرێتەوە.»
خوێندکاران و (یاخی): 10 قوربانی ئامادەن
لە بەرامبەر ئەم بەرگرییە تووندەی د. عەبدوللـەتیفدا، بەشێک لە خوێندکاران سوورن لەسەر تۆمەتەکانیان. یەکێک لەو خوێندکارانەی واژۆی لەسەر راگەیێندراوی دژی د. عەبدوللـەتیف کردووە، دوێنێ بە (رووداو)ی گوت: "نزیکەی 10 قوربانی ئامادەن شایەتی بدەن و بەڵگەمان هەیە کە نمرە و پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ کاری ناڕەوا و گێچەڵی سێکسی بەکارهێنراون."
بیلال مەحموود، ناسراو بە (یاخی) کە لە دەرەوەی وڵاتە و دەنگ و مەلەفەکانی بڵاوکردووەتەوە، بە رووداوی راگەیاند: "دەیان بەڵگەم هەیە و تەحەدای دەکەم پێکەوە لە شاشەی رووداوەوە 'مۆباهەلە' بکەین، بەڵام ئەو ناوێرێ."
زانکۆی سلێمانی: لێکۆڵینەوە دەکرێ
زانکۆی سلێمانی لە 18ی حوزەیرانەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی پێکهێناوە.
د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە بە رووداوی راگەیاند: "هەر قوربانییەک بیەوێ شایەتی بدات، 100٪ گوێی لێ دەگیرێ و لیژنەکە بە وردی بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنەکانی کەیسەکە دەکات."

