رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی پێدانی نەوتی رەش بە کارگەکانی چیمەنتۆ، نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا نزیکەی 30 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی 9 کارگەی بەرهەمهێنانی کۆنکرێت لە گەرمیان کارەکانیان رابگرن و مەترسیی پەککەوتنی کەرتی بیناسازی لە ناوچەکە دروست بووە.
پێشتر یەک تۆن چیمەنتۆ بە 64 دۆلار لە گەرمیان مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا نرخەکەی گەیشتە 95 دۆلار.
هێمن رەوف، خاوەنی کارگەی کۆنکرێتی رەنوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر نرخی چیمەنتۆ دابەزێت، ئێمەش نرخەکە دادەبەزێنین، بەڵام ئەگەر دانەبەزێت، ناچارین نرخی کۆنکرێت بە گران بفرۆشین، کە لە کۆتاییدا زیان بە هاووڵاتی دەگەیەنێت."
لە هەرێمی کوردستان، نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە ماوەی هەفتەیەکدا 30 بۆ 40 دۆلار گران بووە. هۆکارەکەشی بۆ پێنەدانی نەوتی رەش بە کارگەکان لەلایەن حکومەتەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بە نرخی پاڵپشتیکراو پێی دەدان.
بەرزان وەلی، فرۆشیارێکی چیمەنتۆ، بە رووداوی گوت، "چیمەنتۆی تاسڵوجە و سەرچنار، کە خواستی زۆریان لەسەرە، نرخەکەیان 35 بۆ 40 هەزار دینار گران بووە."
پێشتر هاوردەکردنی چیمەنتۆی ئێرانی هاوسەنگیی نرخەکانی لە بازاڕدا رادەگرت، بەڵام نزیکەی ساڵێکە هاوردەکردنی راگیراوە.
ئەم بارودۆخە بارگرانییەکی زۆری بۆ خاوەن کارگەکان دروست کردووە؛ بۆ نموونە، کارگەیەکی کۆنکرێت کە مانگانە نزیکەی هەزار تۆن چیمەنتۆ بەکاردەهێنێت، بە نرخە نوێیەکە زیاتر لە 30 هەزار دۆلار تێچووی زیادەی بۆ دروست دەبێت. ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، پێشبینی دەکرێت کەرتی بیناسازی لە ناوچەکە بە تەواوی پەک بکەوێت.


