رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنی دوو گۆڵی گرنگ لەلایەن دێنیز ئونداڤ لە مۆندیالی 2026 بووە هۆی ئەوەی چیرۆکی ژیانی پڕ لە کۆسپی ئەم یاریزانە کوردە ببێتە رۆژەڤی گەرمی میدیای جیهان. ئەیوب بورج، بەڕێوەبەری گشتیی "ئیلکە تی ڤی" و پورزای دایکی دەنیز، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "دێنیز ئۆنداڤ بە هۆی کوردبوونییەوە بانگی هەڵبژاردەی نیشتمانی تورکیا نەکرا."
دێنیز ئۆنداڤ خەڵکی گوندی "زەورا"یە لە ناوچەی وێرانشاری باکووری کوردستان. گوندێک ئێزدی و موسڵمانان تێدا دەژین.
ئەیوب بورج بە رووداوی گوت، "خێزانەکەی دێنیز، وەک هەزاران خێزانی دیکەی ئێزدی لە باکووری کوردستان، لە ساڵانی هەشتاکاندا بەهۆی گوشارە سیاسییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناچار بوون زێدی باوباپیرانیان جێبهێڵن و روو لە ئەڵمانیا بکەن. دەنیز لە ئەڵمانیا لەدایکبوو، بەڵام هەرگیز پەیوەندیی لەگەڵ ناسنامە و رەگەکەی نەپچڕا."
پێش ئەوەی دێنیز ببێتە یەکێک لە گۆڵکارە دیارەکانی خولە ئەورووپییەکان، ژیانێکی پڕ لە کوێرەوەریی تێپەڕاندووە. بورج ئاماژە بەوە دەکات، دەنیز لە ناوچەی "ئاخیم" لە نزیک برێمن گەورە بووە و بۆ بژێوی ژیانی، لە کارگەیەکدا وەک کرێکار کاری کردووە.
ئەیوب جەختی کردەوە، "دەنیز هەرگیز دەستبەرداری خەونەکەی نەبووە کە تۆپی پێ بووە، لە ناو خراپترین بارودۆخدا جەنگا تاوەکو گەیشتە لووتکەی جیهان،" بە گوتەی ئەیوب بورج، دێنیز ئێستا بووەتە نموونەیەکی باڵا بۆ گەنجانی کورد دەتوانن لە رێگەی بڕیار و ئیرادەوە بگەنە ئامانجەکانیان.
دێنیز هیچ کات وازی لە رەگ و ریشە کوردییەکەی نەهێناوە و قوربانی زۆری بۆ داوە، بورج دەڵێت: "کاتێک لە دێنیزیان پرسی ئایا تۆ تورکیت؟ ئەو بە راشکاوی وەڵامی دایەوە: نەخێر من کوردم. هەر ئەم وەڵامە بەس بوو بۆ ئەوەی لە میدیا و ناوەندە رەگەزپەرستەکانی تورکیاوە پەلامار بدرێت و تەنانەت بە تیرۆریست ناوزەد بکرێت."
بورج هەروەها دەڵێت: "ئەگەر دێنیز بیگوتبایە تورکم، ئێستا سوڵتانی ناو وەرزشی تورکیا بوو، بەڵام چونکە گوتی کوردم، تەنانەت بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانیشیان نەکرد." دەشڵێت "ئەگەر دێنیزیان قبووڵ بکردایە، رەنگە هەڵبژاردەی تورکیا ئێستا لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا بووایە".
ئەم رەفتارە تەنیا بەرامبەر دێنیز نەبووە. ئەیوب بورج ئاماژە بە یاریزانی دیکەی وەک "ئۆزان" دەکات، بەهۆی کوردبوونیانەوە پەراوێز خراون و دەڵێت، ئۆزانیش گوتی "کوردم و رێگەیان پێنەدا یاری بکات". ئەو جەختیکردەوە "زۆربەی ئەو یاریزانە کوردانەی لە خولی تورکیادا یاری دەکەن ناچار کراون ناوی خۆیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت یاری بکەن"


