رووداو دیجیتاڵ
گوندی هاودیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە هێمای پێکەوەژیانی کریستیان و موسڵمانان ناسراوە، لە رێگەی پڕۆژەیەکی دەزگای روانگەوە، بووە خاوەنی وزەی پاک و بە یەکێک لە پاکترین گوندەکانی سنوورەکە دادەنرێت.
پرۆژەکە وزەی پاک بۆ 38 ماڵ، کەنیسەیەک، دوو مزگەوت، قوتابخانەیەک و بنکەیەکی تەندروستی دابین دەکات. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژییەکی درێژخایەنی دەزگای روانگە کە ماوەی دوو ساڵە دەستیپێکردووە.
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، لەبارەی پرۆژەکەوە رایگەیاند: "ئێمە لە دەزگای روانگە، بە رێنوێنی و راسپاردەی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگاکەمان، هەمیشە ئەو وتەیەی ناودارانمان بیردێتەوە کە 'دار بە رەگی خۆیەوە زیندووە و مرۆڤیش بە ئینتیمای بۆ خاکەکەی'. بۆیە ئەمڕۆ هاتووین ئەو بەها و ئینتیمایە لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و دانیشتووانی گوندی هاودیاندا دووپاتبکەینەوە."
لە هاودیان لەجێی دەنگی مۆلیدە، دەنگی سروشت وەک خۆی دەبیسترێت و دانیشتووانیش چیتر خەمی نەبوونی رووناکی و زۆریی خەرجییان نامێنێت."
دانیشتووانی گوندەکە سوپاسی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن و داواش دەکەن کە فراوانتر بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو ماڵەکانی گوندەکە ببنە خاوەنی کارەبای وزەی خۆر.
یۆنان گۆرگیس، هاونیشتمانییەکی کریستیانی گوندەکەیە و دەڵێت: "پێشتر کە کارەبای نیشتمانی دەبڕا، هیی مۆلیدە بەکەیفی خۆیان بوون، کەی کارەبایان بدایە یان نەیاندایە. ئێستا منەتمان بەوە نەماوە و نازانین کارەبامان دەبڕێت یان نا. بۆ خەرجییەکەش، من مانگانە 80 هەزار دینار پارەی کارەبای مۆلیدەم دەدا و هیی نیشتمانیش 50 بۆ 60 هەزار بوو."
موسلیم ئیبراهیم، مامۆستای ئایینی و وتارخوێنی مزگەوتی هاودیان، گوتی: "یەکێک لە جوانییەکانی دەزگای روانگە ئەوەبوو کە کارەبایان بۆ مزگەوتەکانیش دابین کرد و کەنیسەکەشیان لەبیرنەکرد. هەر ئەو کارە جوانانەش لەو دەزگایە چاوەڕوان دەکرێت."
خدر قادر، موختاری گوندی هاودیان، هیوای خواست ئەمە کۆتا پرۆژەیان نەبێت و گوتی: "ئەمڕۆ گەڕەکێک سوودمەند بوون، هیوادارین سبەی گەڕەکەکانی دیکەش سوودمەند بن."
بەپێی ئامارەکانی دەزگای روانگە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و لە چوارچێوەی پرۆژەی وزەی پاکدا، 3,912 ئەمپێر کارەبا بۆ 326 ماڵ لە 6 گوندی جیاوازی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.

