رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی گشتیی قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە چوار مانگە بەهۆی خانەنشین بوونی پزیشکی سڕکەری ئەو نەخۆشخانەیە هیچ نەشتەرگەرییەکی تێدا نەکراوە. 16 ساڵ بوو بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشانەی گشتیی چۆمان کرابووەوە و رۆژانە زیاتر لە پێنج نەشتەرگەریی بچووک و مامناوەندی تێدا دەکرا.
لە سەرەتای مانگی شوباتی 2026ـەوە، بەهۆی خانەنشین بوونی پزیشکی سڕکەری ئەو نەخۆشخانەیە، بەشی نەشتەرگەری کارەکانی وەستاوە.
دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەرێوەبەری تەندروستیی قەزای چۆمان بە رووداوی راگەیاند: "قسەمان لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران کردووە لەکاتی دابەشکردنی پزیشکانی پسپۆڕ ئەگەر دەرچووی ئەو بەشە هەبوو بۆمان دابمەزرێنرێ بۆ ئەوەی ئەو بەشە کارا بکرێتەوە"
رۆژانە نزیکەی 250 نەخۆش سەرەدانی نەخۆشخانەکە دەکەن و گلەییان لە کەمیی خزمەتگوزاری و چارەسەرنەکردنیان هەیە. مهاباد محەممەد، نەخۆشە و دەڵێت: " من بەردی گورچیلەم هەیە، سێ جارە دێم و چارەسەر ناکرێم، دەچینە لای بەڕێوەبەر دەڵێت با چارەسەر بکرێ، کەچی هێشتاش هیچمان بۆ ناکرێت."
لە قەزای چۆمان و چوار ناحیەی سنوورەکە، تەنیا ئەو نەخۆشخانە گشتییە هەیە، لێرە نەخۆش چارەسەر نەکرێ ناچارە سەردانی نەخۆشخانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یان نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بکات.


