رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی رووداو لەسەر داواکاریی باوکی یاد سەرباز، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان هاتەسەر هێڵ و رایگەیاند، رێگە نادەن ساڵێکی خوێندنی خوشکەکەی یاد بفەوتێ.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزیرانی 2026، دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو داواکاریی سەرباز عەلی، باوکی یاد سەربازی بڵاوکردەوە، ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆمێنتی پۆستێکی رووداو دا، وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە.
وەزیری پەروەردە نووسی: "وەک دۆخێکی مرۆیی، لیژنەیەکی تایبەتمەند رادەسپێرم بۆ ئەو بابەتە و پشت بەخوا نیگەرانییان دەڕەوێنینەوە و ناهێڵین ساڵی خوێندنی بفەوتێ."
ئەمڕۆ، سەرباز عەلی لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی وەزیری پەروەردە کردبوو، تێیدا باسی لەوە کردبوو کچەکەی پۆلی 8ـی ئامادەییە و بەهۆی ئەو بارودۆخە دەروونییە سەختەی دوای ونبوونی یاد و دۆزینەوەی تەرمەکەی تووشیان بووە، نەیتوانیوە لە تاقیکردنەوەکاندا بەشدار بێت و لە 4 وانە دەرنەچووە.
باوکی یاد گوتبووی: "رۆژی 15ـی ئەم مانگە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی یادمان پێگەیشت، کچەکەم نەیتوانی بەشدار بێت، داوا دەکەم داهاتووی کچەکەم و ساڵێکی خوێندنی بەفیڕۆ نەچێت."
چیرۆکی یاد سەرباز لە 28ـی ئایاری رابردوو دەستیپێکرد، کاتێک ئەو منداڵە تەمەن 4 ساڵە لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل ونبوو. دوای 15 رۆژ لە گەڕان، لە رۆژی 12ـی ئەم مانگەدا پاشماوەی تەرمەکەی لە ژێر تاڤگەیەک دۆزرایەوە، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دڵنیابوون لەوەی تەرمی ئەوە کراوە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامە.




