رووداو دجیتاڵ
ئەمیندارێتیی گشتیی لووتکەی قاهیرە بۆ داهێنان و کاریگەری، رێبوار تەهای وەک باشترین پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی 2025 هەڵبژارد، ئەوەش وەک رێزگرتنێک بۆ "هەوڵەکانی لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی لووتکەی قاهیرە بۆ داهێنان، هەڵبژاردنی رێبوار تەها دوای هەڵسەنگاندنێکی پیشەیی ورد هاتووە و تێیدا دەرکەوتووە، "مۆدێلێکی ئیداریی بێوێنەی لەسەر بنەمای میانڕۆیی و هاوسەنگی پێشکێش کردووە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، رێبوار تەها توانیویەتی بە حیکمەتەوە ئیدارەی کەرکووک بدات کە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیانی تێدایە و "دوور لە لایەنگیریی سیاسی و نەتەوەیی، کار بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری بکات."
لیژنەی رێکخەری لووتکەکە پشتی بە پێنج پێوەری سەرەکی بەستووە بۆ بەخشینی ئەم نازناوە بە رێبوار تەها، کە گرنگترینیان بریتین لە:
- پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، چەسپاندنی بنەمای "ئیدارە بۆ خزمەتی هەمووان" دوور لە ململانێی سیاسی.
- رۆڵی کاریگەر لە هێورکردنەوەی دۆخی گشتی و پشتگیریکردنی سەقامگیری.
- بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکان.
- ناساندنی کەرکووک وەک نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان.
لووتکەی قاهیرە سەکۆیەکی عەرەبیی پێشەنگە بۆ خەڵاتکردنی داهێنەران لە بوارەکانی کارگێڕی و گەشەپێدان.
رێبوار تەها، کە ئێستا جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووکە، رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە خولی ئەم ساڵی لووتکەکە لە نێوڕاستی مانگی تەممووزدا بەڕێوەبچێ، کە تێیدا کەسایەتی و دامەزراوەی جیاواز لە عێراق و وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر، بەحرێن، تونس و عومان بەشدار دەبن، منیش وەک کەسایەتییەک بانگهێشتکراوم."
رۆژی 16ـی نیسانی 2026، دوای دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا (بێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی) بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا، رێبوار تەهاش بە جێگری یەکەمی پارێزگار دەستنیشانکرا.



