رووداو دیجیتاڵ
تائێستا پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەم وەررزە لە جووتیارانی پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێنەکردووە. لێپرسراوی بنکەی وەرگرتنی گەنم لە شارەکەش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی سایلۆ و چۆڵنەکردنی کۆگاکان لە گەنمی پار، نەیانتوانیوە دەستبە وەرگرتنی بەرهەمی نوێ بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، ئاسۆ مەجید، لێپرسراوی بنکەی وەرگرتنی گەنم لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپێنەکردووە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەڵەبجە سایلۆی نییە و پشت بە 'پەنکەر' دەبەستێت، ئەو پەنکەرانەش ئێستا گەنمی پاریان تێدایە."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئاسۆ مەجید گوتی: "چەند رۆژێکە دەستمان بە بارکردنی گەنمە کۆنەکە بۆ ئاشەکان کردووە، ئەوەش بە مەبەستی چۆڵکردنی شوێن بۆ گەنمی نوێ. پێشبینی دەکەین لە دوو تاوەکو سێ رۆژی داهاتوودا بتوانین بە فەرمی دەست بە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بکەین."
رووبەری چێندراو بە گەنم لە هەڵەبجە نزیکەی 80 هەزار دۆنمە، مەزەندە دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە 40 هەزار تۆن، بەڵام تەنیا 11 هەزار تۆنی لە جووتیاران وەردەگیرێت.
پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لەو ناوچانەی ساڵانە بەرهەمێکی باشی گەنمی هەیە، بەڵام نەبوونی سایلۆ کێشەی گەورەی بۆ جووتیاران دروستکردووە. ئێستا پارێزگاکە تەنیا پێنج "پەنکەر"ی هەیە بۆ کۆگاکردن، کە هەر یەکێکیان توانای گرتنی شەش هەزار تۆن گەنمی هەیە.

