رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵی هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بکات. راشیگەیاند: ''بە گەشبینیییەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-06-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان، لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی، رووی زاری کردە 210 ئەفسەری دەرچوو و رایگەیاند: ''ئەم دیمەنە پڕ لە دیسیپلین، رێکخراو و شکۆدارە، جێگەی شانازیی ئیمە، خێزانەکانتان و تەواوی گەلی کوردستانە.''
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە پیرۆزیی ئەرکی پێشمەرگە کرد و گوتی: ''ئەرکی هەموومانە پارێزگاری لە ناوبانگ، شکۆ و مێژووی پڕ لە شانازیی خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین. ئەمەش بەوە دەکرێ کە ئێوەی ئازیز و خۆشەویست دەبێ لە چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو، پیشەیی و نیشتمانیدا خزمەت بکەن.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە دەرچووان دەکات، لەنێو هێزی پێشمەرگەدا ببنە پارێزەری سەرەکیی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکدی قبووڵکردن و گوتی: ''شانازی بەو کولتوورەوە دەکەین و هەرێمی کوردستانی کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی رێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.''
نێچیرڤان بارزانی بۆ دەرچووان: نابێ ببنە لایەنێک لە ململانێ سیاسییەکان
نێچیرڤان بارزانی ئەو داوایەش ئاراستەی دەرچووانی خولەکە و هێزەکانی پێشمەرگە دەکات کە ''هیچ کات نەبنە لایەنێکی کێشە و ململانێیە سیاسییەکان. بەڵکو هەمیشە دەبێ وەک هێزێکی نیشتمانیی کوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شکۆی مرۆڤ بکەن بێ جیاوازی.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش دەکات و دەڵێت: ''پەیامی هەمیشەیی ئێمە بۆ ناوخۆی کوردستان یەکهەڵویستی، تەبایی، پێکەوەیی و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان.''
نێچیرڤان بارزانی هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان لە تەبایی و لەپێشینەبوونی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، لەبری ململانێ و جیاوازییەکاندا دەبینێت.
''بە هێزەوە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش کرد و سەبارەت بە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش گوتی: ''راستە هەنگاوەکان باش نراون، بەڵام خواستی ئێمە لەوە زیاترە و پێویستە هەنگاوەکان زۆر خێراتر بکرێن.''
نێچیرڤان بارزانی چارەسەرکردنی سستییەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هەنگاوی پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''ئاڵنگاری و ململانێ ناوچەییەکان ئەوەمان لێ دەخوازێ، رۆژێک زووتر ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین کە خزمەت بە هەموو کوردستان و عێراق دەکات.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات کە ''بە ئیرادەیەکی جیدی و بە هێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە [یەکخستنەوەی پێشمەرگە] چارەنووسسازە. چونکە یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی و بنەمایەکی سەرەکیی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانە.''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی رووی زاری کردە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و گوتی، پێویستە بەغدا هەموو ئەرک و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بکات، ''بەتایبەتی دابینکردنی چەک، تەقەمەنی و تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان، چونکە پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراقە. لە دەستووریشدا ئەم بەشە بە تەواوی باس کراوە.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە بەستراوە، ''سەرکەوتنمان یەکە و ئاڵنگاری و چارەنووسیشمان لە عێراقدا هاوبەشە.''
''بە گەشبینییەوە چاوەڕێی کارکردنین لەگەڵ بەغدا''
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان بە ''گەشبینی''ـیەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشە لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدی ''تاوەکو لەسەر بنەمای دەستوور، رێزگرتنی دوولایەنە و هاوبەشیی نیشتمانیی راستەقینە، ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ هەموو عێراق بێ جیاوازی مسۆگەر بکەین.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی سەرەتایی تاران و واشنتن بە ئەرێنێ ناوبرد و دەڵێ: ''لە هەرێمی کوردستان پێشوازیمان لە کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد کە هیوادارین لە رێگەی رێککەوتن، گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە [جەنگ] بهێندرێت.''
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ''هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، وەک فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، کارمان بۆ ئەوە کردووە و بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نەبنە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.''



