رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەڵێت، دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
بڕیارە کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بکرێت.
دارا خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باردودۆخی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت".
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتووە. دارا خەیلانی گوتی: "پێکهێنانی کابینەی نوێ پەیوەندیدارە بە دۆخی نێوخۆی کوردستان، بۆیە بێگومان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەخرێتە بەر باس و تاوتوێ دەکرێ".
زیاتر لە شەش مانگە، پارتی و یەکێتی، وەکو دوو سەرەکیترین پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەت و خاوەن دوو گەورەترین فراکسیۆنیش لە خولی شەشەمی پەرلەمان کۆنەبوونەتەوە، بەڵام نزیکەی مانگێکە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەیان چڕ کراوەتەوە.



